لە كەلار دوو هونەرمەندی شانۆكار دەستگیر كران

ئەمڕۆ سێشەممە، بەپێی بڕیاری دادگایەك لە كەلار، بەهۆی شانۆگەرییەكەوە كە سێ ساڵ لەمەوبەر لە سەر شەقام نماییشیان كرد، دوو هونەرمەندی شانۆكار دەستگیر كران، یەكێك لەو هونەرمەندانە، پێشتر سەر بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بووە، بەڵام ماوەیەك لەمەوبەر وازی لە ریزەكانی یەكێتی هێناوە و دەستی لەو حزبە كێشاوەتەوە.

لەمبارەیەوە گرووپێك لە هونەرمەندان و شانۆكاران و رۆشنبیرانی كوردستان، بەیاننامەیەكی ناڕەزاییان دەربڕیوە و داوایان كردووە رۆشنبیران و هونەرمەندانی تریش هاودەنگیان بن بۆ ئازادكردنی ئەو دوو شانۆكارە، لە بەشێكی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە: ”ئەمڕۆ دادگای کەتنی کەلار هەستاوە بە تەوقیفکردن و زیندانییکردنی هەردوو هونەرمەندی عومەر عەبدوڵا و شکۆ عومەر، لەسەر کەیسێک کە پەیوەندیی بە شانۆگەرییەکەوە هەبووە کە پێش سێ ساڵ نماییش کراوە.“

هەروەها نووسیویانە: ”ئێمە لە لای خۆمانەوە بەتوندی سەركۆنەی ئەم بڕیارە دەکەین، هیچ مەعقوول نیە دوو هونەرمەند کە یەکێکیان لە دێرینترین هونەرمەندانی گەرمیانە و ئەوەکەی تریشیان گەنجێکی بەهرەمەند و شانۆکارێکی ئەکادیمیی شاری کەرکووکە، بەم شێوەیە بخرێنە زیندانەوە، لە کاتێکدا کارەکەیان کارێکی هونەرییە هی ئەوە نییە بەو شێوەیە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت… لێرەشەوە داوا لە بەرپرسان و باڵادەستان دەکەین لەئاست ئەم رەفتارەی دادگا بێنە دەنگ و بە زوویی ئەو دوو هاوڕێیەمان ئازاد بکرێن، بەپێچەوانەوە رێگای دیکە دەگرینە بەر.“

ئەوانەی تا گەیشتنی ئەم بەیاننامەیە واژۆیان لەسەر كردووە بریتین لە: ”ئۆژین عومەر، ئازاد عوسمان، کۆسرەت بورهان، ئاراز ئەبوو بەکر، شوان جەلال، سیروان ڕەفعت، بەیان سەعید، سمکۆ سابیر، هاوار هاشم، چالاک باوەنووری، دلاوەر نووری، یادگار محەمەد، محەمەد فریاد، بڕیار محەمەد، هەورامان جەلال، بەختیار شەریف، عوسمان میروەیس، عەلی فواد، دەرباز مەجید ڕەباتی، محەمەد کامل، جەلال محەمەد ئەمین، ئاوات محەمەد، هەرێز جەلال، زمناکۆ عەبدولکەریم، شباح حسێن، نالی عەباس، سەرگوڵ حسێن، کەریمۆک غەفوور، عادل عەبدولمەجید یووسف، جومعە کەریم، هاوڕێ کرێکار.“

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *