ڕۆژنامەنووسێكی بەریتانی دوای 32 ساڵ جارێكی تر دەگەڕێتەوە هەرێمی كوردستان

ڕۆژنامەنووسێكی بەریتانی دوای ئەوەی ساڵی 1991 لەگەڵ كەناڵی BBC هاتە كوردستان و فیلمێكی دۆكیۆمێنتاری لەبارەی كوردستان دروست كرد و لە جیهان دەنگی دایەوە، ئەمڕۆ دووبارە دوای 32 ساڵ گەڕایەوە هەرێمی كوردستان.

دكتۆر عارف گۆران كە پزیشكێكی ناسراوی كوردە، ئەمرۆ لە هەژماری خۆیدا لە (فەیسبووك) وێنەیەكی خۆی و رۆژنامەنووسێكی بەریتانی بە ناوی پیتەر چاپڵ لەناو بازاڕی هەولێر بڵاو كردووەتەوە و لەسەری نووسیوە: “لە بەھاری 1991 و لە کۆچڕەوە گەورەکەی کوردان پیتەر و تیمەکەی بی بی سیم ناسی، ئەو کاتە ئێمە چەند پزیشكێكی کەم و کۆمەڵێک کارمەندی تەندروستی لە نەخۆشخانەی دیانە، ڕۆژانە سەدان نەخۆشمان چارەسەر دەکرد و خەڵکی لە دۆخێکی خراپ دەژیان. پیتەر و تیمەکەی بۆ ماوەی ھەفتەیەک لەگەڵ ئێمە لە نەخۆشخانە دەژیان، چونکە ئەو کاتە ھیچ ھۆتیل یاخوود شوێنێکی تری گونجاو نەبوو بۆ مانەوەیان.”

دەشڵێ بە حوکمی ئەوەی کە زمانی ئینگلیزی باش بوو، دەرفەتی ئەوەی ھەبوو کە باسی کێشەی کورد بکات و بوو بە یارمەتیدەرێکی باش بۆ ئەنجامدانی کاری تیمەكەی BBC.

ئاماژەشی بەوە داوە كە ئەو فیلمە دۆکیۆمێنتاریەی تیمەکەی BBC لە زۆربەی تەلەڤزیۆنەکانی جیھان پێشان درا و کاریگەرییەکی زۆری ھەبوو لەسەر جوڵاندنی ھەست و سۆزی جیھان بە گشتی و ئەورووپییەکان بە تایبەتی. کامیرەکەی پیتەر و چەند تیمێکی تری ئەڵمانی و فەرەنسی توانیان دیمەنە پڕ لە تراژیدییەکانی کۆچڕەو بگەیەنن بە جیھان و ئەمەش ھۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ بریاردان لەسەر سەپاندنی ھێڵی دژەفڕین و دوای ئەوەش درووستبوونی ئەو ناوچەیەی کە ئێستا بە ھەرێمی کوردستان دەناسرێت.

دكتۆر عارف گۆران ئەوەشی نووسیوە: “دوای ئەوەی گەیشتمە لەندەن هاورێیەتی من لەگەڵ پیتەر بەردەوام بوو، بەڵکو بووە یەکێک لە نزیکترین هاوڕێکانم. پیتەر کەسێکی چەپ و پێشکەوتوخوازە، شارەزاییەکی زۆر باشی هەیە دەربارەی ڕۆهەڵاتی ناوەراست، جگە لە کارەکەی وەک ڕۆژنامەنووس و دەرهێنەری فیلمی دۆکۆمێنتاری، وەک کاری خێرخوازییش لە چەند ساڵی رابردوو خەریکی راهێنان بوو لە بواری رۆژنامەنووسی و کاری دۆکیۆمێنتاری بۆ گەنجەکانی کۆمەڵێک وڵاتی ئەفریقی و فەڵەستینیش.”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *