لە ھەولێر ژمارەیەک شوێنی دەرمانسازی داخران

لە ھەولێر ژمارەیەک شوێنی دەرمانسازی لەلایەن قایمقامییەتی قەزای ناوەندییەوە داخران و داوایەکش ئاراستەی هاووڵاتییان دەکرێت.

بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆلی جۆری دەرمان لە وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە: “دوا بەدوای بەدواداچوون و پشکنین بۆ سکاڵای هاووڵاتییان، بەسەرکردنەوە و گەڕانە ھەمیشەییەکانی بەشی چاودێری دەرمانی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان و لقی هەولێری سەندیکای دەرمانسازان و بە هاوەڵی پۆلیسی شارەوانی قایمقامییەتی قەزای ناوەندی هەولێر، (شەش کۆمپانیای هاوردەکردنی دەرمان، دوو دەرمانخانە، کۆگایەکی دەرمان و نۆرینگەیەکی لاکۆڵان) داخران بە هۆکاری جیاواز لە سەرپێچیکردنی یاسا و رێنوێنییەکانی وەزارەتی تەندروستی.”

ئەوەش خراوەتە روو: “دامەزراوەی کواڵێتی کۆنترۆڵی دەرمان سەرجەم شوێنە دەرمانسازییەکان بەسەر دەکاتەوە بە مەبەستی ئاگاداربوون لە راست و دروستی مامەڵە کردن بە دەرمان و جێبەجێ کردنی رێنوێنییەکان و لەبەرانبەردا سەرپێچیکاران بەپێی رێنوێنی ژمارە 11ی ساڵی 2023 رووبەرووی سزای قورس دەکاتەوە.”

هەروەها لێرەوە بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆلی جۆری دەرمان داوا لە هاونیشتمانیان دەکات لە رێگەی هێلی گەرمی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان (07502356000) ئاگاداری تیمەکانیان بکەنەوە لە ئەگەری بوونی هەر سەرپێچیەک.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *