شارەزایەکی بواری کەشناسی ئاشکرای کرد کە کەشوهەوای ناسەقامگیر تا دوو رۆژی داهاتوو بەردەوام دەبێت و لەکاتە جیاوازەکاندا ئەگەرەکان کراوە دەبێت بۆ چڕبوونەوەی ھەور و ھاوکات ڕوودانی بروسکە و بارینی باران بەرێژەی جیاواز.
ئەمشەو دووشەممە 2/10/2023، ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی بڵاوی کردەوە: “لە ئەنجامی درێژبوونەوەی تەوژمی ھەوای شێدار لە باشووری رۆژئاواوە و کاریگەری لاوازی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەراست حاڵەتێکی ناسەقامگیری بەرگەھەوا لەسەر ناوچەکانمان دروستبووە کە لەماوەی کاتە جیاوازەکانی ئەمڕۆدا بووە ھۆی بارینی نمە باران و لەھەندێ ناوچەش ھەورەبرووسکە و تاوە بارانی بەخوڕ دروستبوو.”
ئاماژەشی بەوەداوە: “بەگشتی کاریگەری ئەم حاڵەتە ناسەقامگیرییە تا دوو رۆژی داھاتوو لەسەر ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە و لەکاتە جیاوازەکاندا ئەگەرەکان کراوە دەبێت بۆ چربوونەوەی ھەور و ھاوکات ڕوودانی برووسکە و بارینی باران بەرێژەی جیاواز و لەم حاڵەتانەشدا ناوچەکان دیاری ناکرێن بۆ ئەوەی بزانرێت لە کوێ دەبارێت یان رێژەی بارانەکە لە چ شوێنێک زۆر یان کەم دەبێت و رۆژی پێنجشەممەش کۆتایی بەم حاڵەتە دێت و کەشی ناوچەکە سەقامگیر دەبێتەوە.”