یەکەم پرۆژەى وەبەرهێنانى تەندروستى لە سنوورى ئیدارەى ڕاپەڕین مۆڵەتى پێ درا و کەوتە بارى جێبەجێکردنەوە.
کامەران شێخە، لێپرسراوى کارگێڕى و زانیاریى وەبەرهێنانى ڕاپەڕین، بە (باسنیوز)ى ڕاگەیاند: “پرۆژەکە وەبەرهێنانە لە بوارى تەندروستیى (سەنتەرى دڵ) کە دەبێتە یەکەم پرۆژەى وەبەرھێنان لە سێکتەرى تەندروستى لە سنوورەکەمان کە مۆڵەتى وەبەرھێنانى وەرگرتووە و لەناو شارى ڕانیە دروست دەکرێت”.
گوتیشى: “بودجەى پرۆژەکە سێ ملیۆن و 172 هەزار دۆلارە و لەلایەن شارەوانییەوە زیاتر لە چوار هەزار مەتر دووجا زەویی بۆ تەرخان کراوە”.
کامەران شێخە باسى لەوەش کرد: “کارکردن لە پرۆژەکە دەستى پێ کردووە کە نەخۆشخانەیەکى تایبەتە بە دڵ و هەموو پێداویستى و نەشتەرگەرى و پزیشک و دەرمان و بابەتەکانى تایبەت بە بوارى دڵى تێدا دەبێت و بە هۆیەوە جگە لە خزمەت بە تەندروستیى هاووڵاتییان، چەندین دەرفەتى دامەزراندن بۆ دەرچووانى تەندروستى و کار بۆ هاووڵاتییان دەڕەخسێنێت”.