بەرپرسێکى وزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى حکوومەتى هەرێمى کوردستان ئاشکراى کرد، ئامادەکارى بۆ وەرزى چاندنى دانەوێڵە دەکەن و هەوڵ دەدەن بنەتۆوى کوالێتی بەرز بۆ جووتیاران دابین بکەن.
ڕێژین عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەرى بەروبوومى دانەوێڵە لە وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو، بە (باسنیوز)ى ڕاگەیاند: “کاتى چاندنى دانەوێڵە لە هەرێمى کوردستان نزیک بووەتەوە، بۆ ئەو مەبەستە پلان و بەرنامەمان داناوە کە بنەتۆوێکى کوالێتی بەرز بە بڕى گونجاو بکرێن و دابەشى جووتیارانى بکەین”.
گوتیشى: “لە هەرێمى کوردستان جووتیارێکى باش توێژینەوەیان لەسەر بنەتۆو کردووە و لە پشکنین دەرچووە و پەسند کراوە، بۆیە ئەو بنەتۆوە لە جووتیارانى ناوخۆ دەکڕین و لە دەرەوە هاوردەى ناکەین، کە گەنمێکى زۆر باشە و بەرگەى کەمئاوى و نەخۆشى و گەرما و سەرما دەگرێت”.
ڕێژین عەبدولڕەحمان ئامادەى بەوەش کرد: “لە دواکۆبوونەوماندا لەسەر ئەو بابەتە بڕیارى ئەوە دەدەین کە هەر جووتیارێک چەندە بنەتۆوى بدەینەوە و بە پاڵپشتیى چەند بنەتۆوەکەى پێ بدەین”.