وەزارەتى کشتوکاڵ: زیاتر لە 30 ڕێککەوتنمان بۆ گەشەى کەرتى کشتوکاڵ لەگەڵ وڵاتان کردووە

گوتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى حکوومەتى هەرێمى کوردستان ئاشراى کرد کە بەمەبەستى گەشەدان بە کەرتى کشتوکاڵ و زیادکردنى بەرهەمى ناوخۆ، زیاتر لە 30 ڕێککەوتن و گرێبەستمان لەگەڵ کۆمپانیا بیانى و ناوخۆییەکان کردووە.

هیوا عەلى، گوتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو، بە (باسنیوز)ى ڕاگەیاند: “بە پشتبەستن بە بڕیارى حکوومەتى هەرێمى کوردستان کە پشتیوانى و پاڵپشتیى کەرتى کشتوکاڵ و بەروبوومى ناوخۆ دەکات، لەگەڵ کۆمپانیاى بیانى و ناوخۆیى و وڵاتانى وەک چین و ئەمریکا و وڵاتە عەرەبییەکان و زۆر وڵات و کۆمپانیاى دیکە 31 ڕێککەوتن و گرێبەستمان لە بوارى گەشەدان بە جۆر و بڕى بەروبوومى کشتوکاڵی و ئاژەڵدارى و هەنگدارى و ماسى و ئاودێرى و  بوارەکانى دیکەى کشتوکاڵ کردووە.”

گوتیشى: “ناوەڕۆکى زۆرێک لەو ڕێککەوتنانە کەوتوونەتە بارى جێبەجێکردن و ئەنجامى باشیشیان دەرکەوتووە و هەندێکى دیکەش لە قۆناغى دەستپێکردندان و بەهۆیانەوە تەکانێکى باش بە ڕەوشى کشتوکاڵ دەدرێت”.

هیوا عەلى ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد: “هەندێک لە ڕێککەوتنەکان وا کراون ئەگەر بەروبوومەکە لە پێویستى ناوخۆ زیاد بوو، هەناردەى دەرەوە بکرێت، بۆ ئەو مەبەستە کارى پێویست کراوە و هاوشێوەى ساڵانى پێشوو زۆرێک لە بەرووبومى کشتوکاڵ و ئاژەڵى دەنێرینە دەرەوەى وڵات”.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *