ئەمڕۆ یەکشەممە دەزگا ئەمنییەکانی عێراقی فیدراڵ بڵاویان كردەوە لە ماوەی نۆ مانگی ڕابردوودا، 12 هەزار کەسیان دەستگیر کردووە، بەتۆمەتی بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکان و بەكارهێنانیان.
بەپێی میدیاكانی عێراق، حكوومەتی فیدراڵی لە هەوڵی ئەوەدایە بۆ بەرگرتن لە پەرەسەندنی خێرای بڵاوبوونەوەی مادە هۆشبەرەكان، لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ هەماهەنگی بكات بۆ کەمکردنەوەی ئاودیوكردنی مادە هۆشبەرەكان بۆ ناو خاكی عێراق.
لەمبارەیەوە لە راپۆرتێكی (ئەلعەرەبی ئەلجەدید)دا هاتووە كە لە دوای ساڵی 2003وە، مادە هۆشبەرەکان بە ڕێژەیەكی بەربڵاو لە عێراق بڵاو بوونەتەوە، كە بە شێوەیەكی سەرەكیی لە دیوی ئێرانەوە ئاودیوی عێراق دەكرێن و لە شارەكانی باشوور و ناوەڕاستی وڵاتەكەوە زۆرترین ڕێژەی دانیشتوان ئاڵوودەیان بوون.
ئەمەش لە كاتێكدایە بەر لە دوو مانگ، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدراڵ، پلانێکی بەناوی “عێراقێکی بێ مادەی هۆشبەر” ڕاگەیاند، تیایدا جەختی لەوە کردەوە کە دۆسیەی مادە هۆشبەرەكان وەک هەڕەشەیەکی تیرۆریستی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، چونكە وەك ئەو گوتی، بازرگانی بە مادە هۆشبەرەكان و بەکارهێنانیان لە عێراقدا پەرەی سەندووە.