بەرپرسانی ئێران پشتڕاستی دەکەنەوە، کە شەش کۆرپەلە لە نەخۆشخانەیەکی ئەو وڵاتە پێکەوە گیانیان لەدەست داوە.
بەپێی ئەو هەواڵانەی لە میدیاکانی ئێران بڵاو بوونەتەوە، لە نەخۆشخانەی (هاجەر) لە شاری (شاری کورد)ی سەر بە پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری، شەش کۆرپەلە پێکەوە گیانیان لەدەست داوە و بووەتە هۆی ناڕەزایەتیی خەڵک و بەپرسانی ئەو شارەیان ناچار کردووە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بکەن.
نەسرەدین ساڵحی، داواکاری گشتیی پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری، لەمبارەیەوە ڕای گەیاندووە: ”گرووپێکی لێکۆڵینەوە، بابەتی مردنی ئەم شەش كۆرپەلەیان لە ئەستۆ گرتووە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ دروست کراوە و هەموو بەرپرسانی تەندروستیی شارەکەش لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.“
لە ساڵانی ڕابردوودا، چەندین جار گیانلەدەستدانی بەکۆمەڵی منداڵان لە نەخۆشخانەکانی ئێران بووەتە جێی مشتومڕ، پیشتر گیانلەدەستدانی نۆ منداڵ پێکەوە و لە سەردەمی کۆرۆناشدا گیانلەدەستدانی 100 منداڵ لە یەک نەخۆشخانە، بووە هۆی ناڕەزایەتیی زۆری خەڵك، بەڵام تا ئێستا لێکۆڵینەوەکان لەو حاڵەتانە بێ ئەنجام بووە.