وەزیری تەندروستیی عێراق: بەهۆی شەڕە بەردەوامەكانەوە نەخۆشی دەروونی لە عێراق زۆر بووە

وەزیری تەندروستیی عێراق، رای دەگەیەنێت کە عێراق تووشی چەندین شەڕ و گەمارۆدان و شەڕی تائیفی و تیرۆریستی بووە، ئەمانەش وای كردووە نەخۆشی دەروونی لە عێراقدا زیاد بێت.

ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستیی عێراق، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی تەندروستیی دەروونییەوە رای گەیاند: “ئاستەنگی گەورە لەبەردەم تەندروستی دەروونیدا هەیە، كە گرنگترینیان ئاڕاستەكردنی كۆمەڵایەتییە و چۆن سەیری كەسێك دەكەین كە بەدەست نەخۆشی دەروونییەوە دەناڵێنێت، بە مانا زانستییەكان نەخۆشی دەروونی جیاوازی نییە لەگەڵ نەخۆشییەكانی دیكە كە مرۆڤ بەركەوتەی دەبێت.”

ئاماژەی بەوەش كرد، “ڕووبەڕووبوونەوەی ڕەوتە كۆمەڵایەتییەكان بە وەرگرتنی چەمكی نەخۆشییە دەروونییەكان و تێكچوونی دەروونی، كە هیچ جیاوازییەكی نییە لەگەڵ نەخۆشییەكانی دیكە. نەخۆشییەكی چارەسەرییە، هەروەها نەخۆشەكان دەتواندرێت چاكبكرێنەوە و تێكەڵ بكرێنەوە لەگەڵ كۆمەڵگادا.”

وەزیری تەندروستی دەشڵێت: “عێراق تووشی چەندین شەڕ بووە، لە شەڕی ئێران و عێراقەوە تا شەڕی یەكەمی كەنداو و ئەو ئازارانەی كە لە گەمارۆدان و دواتر داگیركاری و شەڕی تائیفی و داعشی تیرۆریستی بەدوای خۆیدا هێنا، ئەمانە هەمووی زەبر و زەنگی دەروونین و یەكێكە لە هۆكارە جدییەكانی نەخۆشییە دەروونییەكان، ئەومنەش وای كردووە نەخۆشی دروونی لە عێراقدا زیاد بێت.”

ساڵح حەسناوی جەخت دەكاتەوە: “خەڵكی ئەم وڵاتەی كە زۆر لە نێو شەڕدان پێویستیان بە چاودێرییەكی دەروونی و كۆمەڵایەتی زۆر هەیە، بۆیە لە ڕێگەی یاسای نوێی تەندروستی دەروونییەوە دەمانەوێت گرنگی بەم بوارە بدەین.”

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *