بەگوژمەی 500 ملیۆن دینار خزمەتگوزاریی تەندروستی پێشكەش بە هاووڵاتیانی سنووری قەزای چۆمان دەكرێت


قایمقامی قەزای چۆمان دەڵێت، لە سنووری قەزای چۆمان و ناحیەكانی قەسرێ و حاجی ئۆمەران و سمیلان، بە بڕی زیاتر لە 500 ملیۆن دینار، لەسەر بودجەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سۆران، خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ هاووڵاتیان دابین دەكرێت.

سوارا ئەكڕەم، قایمقامی قەزای چۆمان، بۆ (باسنیوز) گوتیشی: “خزمەتگوزارییەكان بریتین لە دابینكردنی دوو ئامێری شوشتنەوەی گورچیلە و دانانی ئامێری ئاڕئۆ، لە نەخوشخانەی گشتیی چۆمان و ناردنی دوو كارمەند بۆ خۆلێكی راهێنان لە وڵاتی ئێران بۆ كاركردن لەسەر ئەم ئامێرانە، دابینكردنی ئامێری سۆناری پێشكەوتوو لە جۆری فیلیپس بە بڕی 50 ملیۆن دینار، دابینكردنی دوو ئامێر DR ی دیجیتاڵی تیشك بۆ نەخۆشخانەی چۆمان و بنكەی تەندروستیی قەسرێ بە بڕی 45 ملیۆن دینار، نۆژەنكردنەوەی سەقف و سەربانی نەخوشخانەی گشتیی چۆمان بە بڕی 22 ملیۆن دینار، دروستكردن بنكەی تەندروستی گوندی گەزنە بە گوژمەی 158 ملیۆن دینار، دابینكردنی ئامێری سپایڕاڵ فۆتۆسێراپی بە بڕی حەوت ملیون دینار بۆ نەخۆشخانەی چۆمان، دابینكردنی ئامێری تاقیگەی هۆڕمونات و پشكنینی گشتیی خوێن بۆ نەخۆشخانەی چۆمان، دابینكردنی ئامێری پشكنینی گشتیی خوێن بۆ بنكەی تەندروستیی قەسرێ، ئەنجامدانی بەشێك لە نۆژەنكردنەوەی بنكەی تەندروستی قەسرێ بە بڕی نزیكەی 20 ملیۆن دینار، نۆژەنكردنەوەی یەكە و خانووی پزیشكان و دابینكردنی كەلوپەلی نوێ بۆ نەخوشخانەی چۆمان، دابینكردنی كەلوپەلی پێویست بۆ بنكەی تەندروستیی حاجی ئۆمەران”.

‎ قایمقامی قەزای چۆمان ئەوەش دەخاتە ڕوو: “بە دابینكردن و پێشكەشكردنی ئەم ئامێر و پێداویستییانەی تەندروستی، دەتوانرێت خزمەتی زیاتری تەندروستی پێشكەش بە هاووڵاتییانی سنووری قەزای چۆمان و ناحیە و گوندەكانی بكرێت، هەروەك خزمەتگوزاری یەكێكە لە پێشینەی بەرنامەكانی حكوومەتی هەرێمی هەرێمی كوردستان.”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *