سوپای ئیسرائیل: تا ئێستا شەش سەركردەی حەماسمان كوشتووە

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، شەش سەركردەی حەماس لە غەززە، لە هێرشی ئاسمانی جیا جیادا كوژراون.

بەپێی راپۆتی (ئەلحوڕە) ئویخای ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) ڕایگەیاندووە: ”ئێمە بەبێ هیچ ڕاوەستانێک سەركردەكانی تیرۆریزم لە غەززە دەکەینە ئامانج و بەردەوامیش دەبین.”

ئەدرەعی، لە درێژەدا باسی لەوە کردووە، موعتەز عەید، فەرماندەی ناوچەی باشوور و عەلی ئەلقادی، فەرماندەی گرووپێک لە هێزە بەتواناکان لە ناوچەی جەبالییە لە باکووری غەززە، كوژراون.

رایشیگەیاندووە، لەنێو کوژراواندا، جەواد ئەبو شملە، بەرپرسی ئابووریی دەفتەری سیاسیی حەماس، زەکەریا ئەبو مەعمەر، بەرپرسی پەیوەندییە نیشتمانییەکانی دەفتەری سیاسی، موراد ئەبو موراد، فەرماندەی تەشکیلاتی ئاسمانی لە تیپی غەززە و بیلال ئەلقەدری، فەرمانەی یەکەی بەتواناکان لە گوردانی خان یونس، ناویان ڕاگەیەندراوە.

شەڕی نێوان چەکدارانی حەماس و ئیسرائیل چووتە نێو دەیەمین ڕۆژ، لە هەندێ دەزگای میدیاییدا بڵاو كراوەتەوە، كە دەنگۆی ئاگربەست هەیە، بەڵام ئیسرائیل ئەو دەنگۆیە رەت دەكاتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *