ڕووسیا 34 منداڵی هاووڵاتیی ڕووسیی لە کەمپەکانی ڕۆژئاوای کوردستانەوە گەڕاندەوە بۆ ڕووسیا.
بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمانگەی ڕاگەیاندنی کۆمیساری مافەکانی منداڵانی ڕووسیا، ماریا لڤۆڤا بیلۆڤا، ٣٤ منداڵ کە لە کەمپەکانی ڕۆژئاوای کوردستان نیشتەجێ بوون، گەڕاونەتەوە ڕووسیا.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: شەوی 15ی تشرینی یەکەمی 2023 فڕۆکەیەکی سەربازیی ڕووسیا کە ئەو منداڵانەی هەڵگرتبوو لە فڕۆکەخانەی چکالۆڤسکیی نزیک مۆسکۆ نیشتەوە.
هەر بەگوێرەی هەمان بەیاننامە، تەمەنی ئەو منداڵانە لە نێوان 4 بۆ 16 ساڵدایە و بەشێکیان لە سووریا لەدایک بوون.
مانگی تەمووزی ڕابردوو، ماریا لۆڤا بیلۆڤا ڕایگەیاندبوو، پلانیان هەیە ٢٠٠ منداڵ لە کەمپەکانی پەنابەران لە سووریا بگەڕێننەوە.
لە کەمپەکانی ڕۆژئاوای کوردستان هەزاران خێزانی داعش هەن، ئیدارەی خۆسەریش ڕایدەگەیەنێت، پرسی ئەو خێزانانە پێویستی بە دەستێوەردانێکی نێودەوڵەتی هەیە و داوا لە وڵاتانی جیهان دەکات هاووڵاتیانیان لە کەمپەکان وەربگرنەوە و بیانگەڕێننەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان.