به‌رپرسی لێژنه‌ی ناوچه‌ی پارتی له‌ كۆیه‌: په‌كه‌كه‌ له ‌كه‌ركووكه‌وه‌ پاشه‌كشه‌ی كردووه‌ بۆ ناو كۆیه‌ و له‌ده‌وروبه‌ری شار هێزی چه‌كداریان هه‌یه‌

به‌رپرسی لێژنه‌ی ناوچه‌ی كۆیه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، كه‌ په‌كه‌كه‌ له‌ سنووری كۆیه‌ ده‌ستی به‌ جووڵه‌ كردووه‌ و له ‌هه‌ندێك شوێنی ده‌وروبه‌ری شاره‌كه‌ چه‌كداریان هه‌یه‌.

چه‌تۆ حه‌سه‌ن، به‌رپرسی لێژنه‌ی ناوچه‌ی كۆیه‌ی پارتی، بۆ (باسنیوز) گوتی: ”به‌داخه‌وه‌ خه‌ڵكی كۆیه‌ له‌ دڵه‌ڕاوكێدا ده‌ژین، به‌تایبه‌ت دوای بۆردومانی ئێران بۆ سه‌ر قه‌ڵای دیموكرات به‌شێك له ‌گەڕەكه‌كانی شاری كۆیه‌ چۆڵ كراون، به‌تایبه‌ت هه‌رمۆته، ئێستا به‌هۆی جووڵه‌ی په‌كه‌كه‌ دیسانه‌وه‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر ئه‌م ناوچه‌یه‌ هه‌یه،‌ ئه‌مڕۆ له‌ بناری هه‌یبه‌سوڵتان درۆنی توركیا ئۆتۆمبێلێكیان كردووه‌ته‌وه‌ ئامانج، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریی هه‌یه‌ له‌وه‌ی كۆیه‌ بكه‌وێته‌ ترسه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌م سنووره‌ ناكرێت نائارم بێت.“

راشی گه‌یاند: ”چوونی په‌كه‌كه‌ بۆ كۆیه‌ ئه‌و كاته ‌بوو، كه‌ له‌دوای 16ی ئۆكتۆبەر به‌شێكیان پاشه‌كشه‌یان كرد بۆ كۆیه‌ و ئێستا له‌ ته‌قته‌ق و كانییەڕه‌شدا هه‌ن‌ و به‌رده‌وام له‌ كه‌ركووكه‌وه‌ دێنه‌وه‌ بۆ كۆیه‌ و له‌وێشه‌وه‌ ناوه‌ به‌ناوه‌ دێنه‌ ناو شاره‌وه‌ و له‌ گۆمه‌شینیش هەن.“

به‌رپرسی لێژنه‌ی ناوچه‌ی كۆیه‌ی پارتی ده‌شڵێت: ”تاماوه‌یه‌ك پێش ئێستا هێزی چه‌كداری په‌كه‌كه‌ له‌ كانییەڕه‌ش و گۆمه‌شین هه‌بوون‌ و جووڵه‌ی كه‌مپی مه‌خمووریش لێره‌ وه‌ك باس ده‌كرێت هه‌یه‌ و ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا له‌ كۆیه‌ په‌كه‌كه‌ خه‌ڵكی كۆكرده‌وه‌ بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر بازگه‌كانی هه‌ولێر و خه‌ڵكیان له‌ سلێمانی و ناوچه‌كانی دیكه‌وه‌ هێنا‌“.

گوتیشی: ”‌ده‌بێت له‌ كۆیه‌ رێگریی لە په‌كه‌كه بكرێت، چونكه‌ ئه‌و شاره به‌رگه‌ی ئه‌و هه‌موو فشاره ‌ناگرێت‌.“

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *