سەرکردەیەکی بزووتنەوەی ئیسلامی: سزادان و بڕینی قووتی خه‌ڵكی كوردستان ده‌رهاوێشته‌ی خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبەرە

ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تیی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی كوردستان، له‌ سنووری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌، نیگه‌رانه‌ له‌وه‌ی 16ی ئۆكتۆبەر هۆكاری له‌ده‌ستدانی نیوه‌ی خاكی كوردستان بوو و ده‌ڵێت: ”هەموو ئەوەی كە دەگوزەرێ، باج و دەرهاوێشتەی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەرە”.

حاجی نیعمه‌ت عیزه‌ت، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی، بۆ (باسنیوز) گوتی: “16ی ئۆكتۆبەر رۆژێكی زۆر ناخۆش و دڵته‌زێن بوو بۆ ‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان‌، به‌تایبه‌ت بۆ باشووری كوردستان، چونكه‌ به‌هۆی ئه‌و خیانه‌ته‌وه‌ له‌ %50ی خاكی كوردستانمان له‌ده‌ست دا، به‌داخه‌وه‌ ئه‌و هه‌موو خوێن و ماندووبوونه‌ له‌ده‌ست چوو و تا ئه‌مڕۆش باجی 16ی ئۆكتۆبەر ده‌ده‌ین، جگه‌ له‌وه‌ی له‌ كه‌ركووك و خانه‌قین، كه‌ گه‌ڕێنراونە‌ته‌وه‌ ژێر ده‌ستی عێراق، ئێمه‌ زه‌لیل و داماوین، له‌م دواییانه‌ له‌ كه‌ركووك كورد خۆپیشاندانی كرد، بینیمان چییان له‌ گەنجانی كورد كرد، ئه‌مه‌ش ده‌ره‌نجامی 16ی ئۆكتۆبەر بوو، له‌دوای ئه‌م رووداوه‌ شتی دیكه‌ش هه‌بوو، تائێستا به‌هۆی 16ی ئۆكتۆبەره‌وە كورد برسی ده‌كرێت و له‌ به‌غداوه‌ پاره‌ی بۆ نایه‌ت، بۆیه‌ یه‌كێك له‌ ده‌رهاوێشه‌كانی ئه‌م خیانه‌ته‌، بڕینی قووتی فه‌رمانبه‌ران بوو له‌ به‌غداوه‌.”

گوتیشی: ”ئه‌م رووداوه‌ قه‌ره‌بوو ناكرێته‌وه‌، نازانم مه‌گه‌ر دۆخێكی سیاسیی تازه‌ بێته‌ پێشه‌وه و‌ كورد بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شوێنی خۆی، ئه‌مه‌ش دوورمه‌ودا چاوه‌ڕانكراوه، كورد ئێستا له ‌ته‌واوی كوردستان زۆر لاوازه‌ بووه‌، 16ی ئۆكتۆبەر كوردی كرده‌ دوو به‌شه‌وه،‌ مرۆڤ كاتێك لاشه‌ی بوو به‌ دوو به‌ش،‌ پێی ناگوترێت مرۆڤی كامل، 16ی ئۆكتۆبەر پێگەی كوردستانی لاواز كرد و به‌غدا ئێستا وەك جاران حساب بۆ كوردستان ناكات، چونكه‌ زانیی‌ له‌ 16ی ئۆكتۆبەردا چی كردووه، تازە بە تازە وا به‌غدا به‌ قه‌رز مووچه‌ی سێ مانگی بڕیار لێ داوه‌، ئه‌مه‌ش هەر ده‌رهاوێشته‌ی ئه‌و خیانه‌تەی 16ی ئۆكتۆبەرە.“ 

راشیگه‌یاند: ”ده‌بێ گه‌لی كوردستان سزای ئه‌وانه‌ بدات، كه‌ 16ی ئۆكتۆبەریان قەوماند، كورد له‌و رۆژه‌دا خوێنی دا و خه‌ڵكی كه‌ركووك و خانه‌قین و ده‌شتی نەینەوا باجیان دا، ئه‌وه‌تا هه‌موو رۆژێك رژێمی عێراق بیانوو ده‌گرێت و له‌ سه‌رگه‌ڕان و تۆپزاوه‌ به‌دوای ته‌عریبی نوێدایە، ئه‌مه‌ش ده‌ره‌نجامی 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌.“

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *