بەرپرسێکى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى حکوومەتى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، بەرزبوونەوەى نرخى گۆشتى سوور لەسەر ئاستى جیهانییە و لە ڕێگەى پلانێکیشەوە ئەوان دەیانەوێت، ڕێگە لە بەرزبوونەوەى ئەو بابەتە بگرن.
فیراس سدیق، بەڕێوەبەرى گشتیى سامان و دروستیى ئاژەڵ لە وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو بە (باسنیوز)ى ڕاگەیاند: “ئێستا بە شێوەیەکى گشتى بەهۆى بەرزبوونەوەى نرخى نەوت و زۆربوونى تێچووى پیشەسازیى ئامادەکردنى ئالیک و پێویستى و گواستنەوەى ئاژەڵ و نرخى دۆلار، لەسەر ئاستى جیهان نرخى گۆشتى سوور بەرز بووەتەوە و کاریگەرى لە هەرێمى کوردستانیش تا ڕادەیەک هەبووە، بەڵام کەمتر”.
گوتیشى: “ئێمە توانیومانە بەو ئاژەڵانەى کە ئاژەڵداران بەخێوى دەکەن و پرۆژەکانى گاودارییش کە هەن، پێویستى 55%ى ناوخۆ بە گۆشتى سوور پڕ بکەینەوە و ڕێژەى دیکە بە مەرج و ڕێکارى تەندروستى هاوردە دەکەین”.
فیراس سدیق ئاماژەى بەوەش کرد: “پێشووتر بۆ هەر پارێزگایەک ڕێژەیەکى ئاژەڵمان دیارى کردبوو کە هاوردە بکرێت، بەڵام لە ئێستا و لەپێناو ڕێگرتن لە بەرزبوونەوەى زۆرى گۆشتى سوور، بە مەرج و ڕێنوێنیى دیارىکراو، دەستى بازرگانانمان کردووەتەوە کە بە شێوەى کراوە و پێویست ئاژەڵ هاوردەى پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان بکەن، بەوەش تا ڕادەیەکى باش ڕێگرى کراوە لە بەرزبوونەوەى زۆرى نرخى ئاژەڵ و دابینکردنى گۆشتى سوور بۆ هاووڵاتییان”.