لە ئێران دوو منداڵی ناكام لەدایك بوونە، كە یەكێكیان دوو سەری هەیە، ئەوەی دیكەشیان هاوشێوەی پەری دەریاییە، هەردووكیشیان ڕەوشی تەندروستییان ناجێگیرە.
میدیا ئێرانییەكان بڵاویان كردووەتەوە، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، دوو منداڵ لە ئێران لەدایک بوون و لە نەخۆشخانە ڤیدیۆیان لێ گیراوە، وەك لە ڤیدیۆكەدا دەركەوتووە، یەكێك لە منداڵەكان دوو سەری بەیەكەوەنووساوی هەیە، ئەوەی دیكەشیان هاوشێوەی پەریی دەریاییە.
پزیشكانی ئێران جەختیان لەوە كردووەتەوە، هەردوو منداڵە ناكامەكە، ڕەوشی تەندروستییان ناجێگیرە و ئەگەرێكی زۆر هەیە، گیان لەدەست بدەن.
ماوەی چەند مانگێكە لە ئێران یاسایەك دەركراوە، كە ڕێگە نادرێت خانمانی دووگیان پشكنینی منداڵی ناكام بكەن، پزیشكانی وڵاتەكەش لەو بڕوایەدان، كە ئەو یاسایە بووەتە هۆی ئەوەی لەدایكبوونی منداڵی ناكام لە ئێران زۆر ببێت.