بەڕێوەبەرایەتیى پۆلیسى پارێزگاى هەڵەبجە دەستگیرکردنى تۆمەتبارێکى ڕاگەیاند، کە لە کاتى دەستگیرگردنیدا بە چەکى کڵاشینکۆف تەقەى لە مەفرەزەکانی پۆلیس کردووە و دوو کارمەندیشى بریندار کردووە.
لە ڕاگەیاندراوێکى بەشى ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانى بەڕێوەبەرایەتیى پۆلیسى پارێزگاى هەڵەبجە، کە ئەمڕۆ بڵاو کراوەتەوە، هاتووە: “کاتژمێر ٩ى ئەمڕۆ سێشەممە، مەفرەزەى هاوبەشی هەردوو بنکەی پۆلیسى هەڵەبجە و بنکەی پۆلیسی فریاکەوتن بە مەبەستى دەستگیرکردنى تۆمەتبارێک بە ناوی (ن.ک.ى) تەمەن ٣٨ ساڵ، دانیشتووى گەڕەکى شێخ ئیسماعیلى پارێزگاى هەڵەبجە کە دوو فەرمانی دەستگیرکردنی هەبوو لە دادگای کەتنی هەڵەبجە بەپێی مادەی 229ی یاسای سزاکان و دوو خراپبەکارهینانی ئامێری پەیوەندیکردن لە دادگای لێکۆڵینەوەی هەڵەبجە، لە کاتی بەجێهێنانی ئەرکەکانیان لەلایەن تومەتبارەوە بە چەکی کڵاشینکۆف تەقە لە مەفرەزەکانی پۆلیس دەکرێت و دوو کارمەند بریندار دەکات بە فیشەک و پاشان لەلایەن مەفرەزەکەوە دەستگیر کراوە”.
پۆلیسى هەڵەبجە ئەوەشى خستووەتە ڕوو: “ئەو تۆمەتبارە بە بڕیاری دادوەر بەند کراوە و دەست بەسەر چەکەکەیدا گیراوە”.
ڕایشیگەیاندووە: “ئەم تومەتبارە هەشت دۆسیەی لێکۆڵینەوەی هەیە بەپێی ماددەی خراپبەکارهینانی ئامێری پەیوەندی و هەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەت و پێشینەی تاوانی هەیە، دوو جار لە دادگای کەتن سزا دراوە بۆ ماوەی یەک ساڵ و شەش مانگ”.