لەسەر بودجەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان پرۆژەیەکى کارەبا لە سنوورى قەزاى پشدەرى ئیدارەى ڕاپەڕین جێبەجێ دەکرێت کە بەهۆیەوە گرفتى کارەباى سنوورى دوو ناحیەى سنوورەکە چارەسەر دەبێت.
عەلى محەمەد، بەڕێوەبەرى گشتیى کارەباى ڕاپەڕین، بە (باسنیوز)ى ڕاگەیاند: “پرۆژەکە بریتییە لە جیاکردنەوەی فیدەری گوندەکانی سنووری ناحیەکانی ژاراوە و سەنگەسەر، کە لەسەر بودجەی ٨%ی داهاتی کارەبا بڕى 128 ملیۆن و 800 هەزار دینارى بۆ تەرخان کراوە”.
گوتیشى: “پرۆژەکە کەوتووەتە بارى جێبەجێکردن و بەهۆیەوە کەمبوونەوەى لۆد و زیادبوونی ڤۆڵتیە و خێراتر چارەسەرکردنی گرفت و کێشەکانی کارەبا، لە کاتی دروستبوونی شۆرت لەسەر فیدەرەکان، یاخود هەر گرفتێکی تری کارەبای گوندەکانی ئەو سنوورە، چارەسەر دەبێت”.
باسى لەوش کرد: “بەهۆى ئەو پرۆژەوە لۆدى سەر کارەباى سنووری فیدەری گوندەکانی ژاراوە بۆ گوندەکانی سەنگەسەر کەم دەبێتەوە”.