12 خانمە ئەکتەری ناسراوی سینەمای ئێران، دەرکەوتنیان لە فیلمی نوێ لێ قەدەغە کرا، دیارترینیشیان، کەتایۆن ڕیاحی، خانمە ئەكتەری بەناوبانگی ئێرانییە، كە لە زنجیرە درامای (یووسفی ڕاستگۆ)دا بە كارەكتەری (زولەیخا) بەشدارب كردبوو.
ئاژانسی هەواڵی (ئیرنا) بڵاوی كردووەتەوە، لیستی ئەو ئەکتەرانەی کە بەهۆی لابردنی حیجابەوە کارەکانیان قەدەغە کراون، لەلایەن بەشی چاودێریی ڕێکخراوی سینەماوە بە فەرمی ڕاگەیەندراوە و مافیان نییە لە هیچ فیلمێکی نوێ ڕۆڵ بگێڕن.
ئەو ئەکتەرە بەناوبانگانە بریتین لە (باران کەوسەری، ڤیشکا ئاسایش، تەرانە عەلیدۆستی، کەتایۆن ڕیاحی، پانتیا بەهرام، هێنگامە قازیانی، پێگاهـ ئاهەنگرانی، مریەم بۆبانی، گوڵاب ئادینە، فاتمە مۆعتەمەد ئاریا، شەقایەق دێهقان و ئەفسانە بایگان).
لەدوای خۆپیشاندانەکانی ساڵی ڕابردوو لە ئێران، بەشێکی زۆر لە خانمە ئەكتەر و سینەماکارەکانی ئێران بۆ پاڵپشتیی لە ژنانی ئێرانی، سەرپۆشەکانیان لابرد و وێنەی خۆیان بڵاو کردەوە، بەرپرسانی ڕێکخراوی سینەما بە فەرمی ڕایانگەیاند، کە ئەم ئەکتەرانە نواندنیان لێ قەدەغە کراوە.