ئۆفیسی نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە وارشۆی پایتەختی پۆڵەندا وەك نەریتێكی ساڵانەی خۆی هەڵسا بەڕێكخستنی دیداری ساڵانەی كوردستانیانی دانیشتوی وڵاتی پۆڵەندا، بەمەبەستی بەخێرهاتنی قوتابیانی كورد، كە تازە گەیشتوونە پۆڵەندا و ناساندنیان بە قوتابیانی پێشوتر و بەشێك لە كوردانی دانیشتوی وڵاتی پۆڵەندا.
ئەم دیدارەش بە ئامادەبوونی (شێرزاد جاف) كۆنسوڵ لە باڵوێزخانەی عێراق لە وارشۆ و دكتۆر فازل دەباغ و ژمارەیەكی زۆر لە قوتابیان و هاووڵاتییانی كوردستانی دانیشتوی شارە جیاكانی پۆڵەندا بەڕێوەچوو.
لەدەستپێكی دیدارەكەدا زیاد ڕەئوف، نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پۆڵەندا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و بەگەرمی بەخێرهاتنی ئامادەبووانی كرد، جەختی لەوە كردەوە كە دەرگای نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پۆڵەندا هەمیشە كراوەیە بۆ هەموو كوردستانییەك.
لای خۆیانەوە قوتابیان خۆشحاڵی خۆیان بەرامبەر بەو دیدارە ساڵانەیە دەڕبڕی، سوپاسی ئۆفیسی نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان لە وڵاتی پۆڵەندا كرد كە بە پەرۆشەوە لە خەمی قوتابیانی كوردستاندان، قوتابیان رۆڵی نوێنەرایەتیان بە چەترێك چواند بۆ پاڵپشتیی و كۆكردنەوەی تەواوی كوردانی پۆڵەند.
لەو دیدارە گفتۆگۆی زۆر چڕ باسكران، قوتابیان ڕاشكاوانە باسیان لەو گرفتانە كرد كە ڕووبەروویان دەبێتەوە، لەوانە كێشەی كارتی نشینگە و كێشەی وەرگرتنی ڤیزا، قوتابیان داوایان كرد پەیامیان بگاتە ئەو لایەنە پەیوەندیدارانەی كە پەیوەندیان بە ڤیزا هەیە و پێویستە ئاسانكاری زیاتر لەم بارەیەوە بكرێ، لای خۆیەوە زیاد رەئوف ئامادەیی نیشاندا، كە بەگوێرەی توانا، هەمیشە بە بەردەوامی هاریكار و یارمەتیدەر دەبێت بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتییان و قوتابییانی كوردستانی لەم وڵاتە لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەر كێشە و گرفتێك كە دێتە ڕێیان، ئومێدەوار بوو كە ئەو دەرفەتەی ئەمرۆی ناساندی قوتابیانی نوێ بە قوتابیانی پێشووتر ببێتە سەرەتای دۆستایەتیی و یارمەتی قوتابیان لەگەڵ یەكتری.
دواتریش دكتۆر فازل دەباغ كە كوردێكی كۆنی دانیشتووی وڵاتی پۆڵەندایە چەند رێنوێنیی و ئامۆژگارییەكی بەسوودی قوتابیانی كرد، دواتر شێرزاد جاف، كۆنسوڵی عێراق لە وارشۆ وەڵامی پرسیاری ئامادەبووانی داوە و پاشان گفتوگۆیەكی كراوە بۆ ئامادەبووان ئەنجامدرا بۆ خستنەڕووی كێشە و گرفتەكانیان.