لە ئێران، ژنێک لەدوای ئەوەی هاوسەرەکەی سکاڵای لەسەر تۆمار دەکا و خیانەتکردنی ئاشکرا دەبێت، سزای لەسێدارەدانی بۆ دەردەچێت.
شەوی ڕابردوو ماڵپەڕەکانی ئێران بڵاویان کردەوە، کە دوای ئەوەی کەسێک بە ناوی (پەیام) لای پۆلیسی شاری تاران سکاڵای لەسەر خیانەتکردنی هاوسەرەکەی تۆمار کردووە و بەڵگەی ڤیدیۆیی لەسەر هەبووە، هاوسەرەکەی و ئەو پیاوەی لەگەڵیدا بووە، دەستگیر کراون.
پۆلیس ڕایگەیاندووە، هاوسەری پەیام بە ناوی (شۆهرە) بۆ بەرگریكردن لە خۆی گوتوویەتی: ”من زۆر بە تەنیا بووم، هاوسەرەکەم هەمیشە لە گەشتدا بووە و هیچ کاتێکی بۆ من دانەناوە، بۆیە من بۆ لای پیاوی دیکە ڕاکێشرام.“
ئەو پیاوەیش لەگەڵ شۆهرە دەستگیر کراوە، بە پۆلیسی ڕاگەیاندووە، ئەو نەیزانیوە شۆهرە هاوسەری هەیە و پێی گوتووە، کە تەڵاقی وەگرتووە، بۆیە پەیوەندیی لەگەڵدا بەستووە.
(پەیام) هاوسەری شۆهرە، بە دادوەری گوتووە: ”من سەختترین سزا بۆ هاوسەرەکەم داوا دەکەم، چونكە ماوەیەکی زۆرە گومانم لێی هەبووە، بۆیە کامێرای چاودێریم بە دزییەوە لە ماڵەوە داناوە و چەندین پیاوم دیوە، کە سەردانی ماڵی منیان کردووە و چوونەتە لای ژنەکەم، بۆیە لە بەرامبەر ئەو خیانەتەی لە منی کردووە، داوام وایە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا بسەپێنن.“
هەر بەپێی زانیاریی ماڵپەڕەكانی ئێران، دادگای تاران ئەو پیاوەی لەگەڵ شۆهرەدا گیراوە بە لێدانی قامچی و شۆهرەیشی بە لەسێدارەدان سزا داوە.