دوورخستنەوەی چەند فەرماندەیەكی سەربازیی عێراقی لە سەروبەندی هەڵبژاردندا، ناڕەزایی لێ دەكەوێتەوە

دوای ئەوەی دوێنێ چوارشەممە دوورخستنەوەی چەند فەرماندەیەكی سەربازی بە فەرمانی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدراڵ راگەیەندرا، ئەمڕۆ پێنجشەممە دەنگی ناڕەزایی لە چەند لایەنێكی سیاسییەوە بەرز بووەوە، لەبەرئەوەی پێیان وایە ئەم بڕیارە لە سەروبەندی هەڵبژاردندا مەبەستی سیاسیی لە پشتەوە بووە.

ماڵپەڕی (ئەلعەرەبی ئەلجەدید) لە راپۆرتێكدا بڵاوی كردووەتەوە كە زنجیرەی گۆڕینی فەرماندە باڵا سەربازییەكانی عێراق دواجار گەیشتە پۆستی فەرماندەی دەزگای نەهێشتنی تیرۆر و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی بەغداش، لە كاتێكدا ئەو فەرماندە نیشانەی پرسیاریان لەسەر نەبووە، بەڵام گۆڕینیان لە سەروبەندی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكاندا، زیاتر لە پرسیارێكی لەبارەی مەبەست و ئامانجی سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدراڵ دروست كردووە.

بەپێی چاودێرانی سیاسیی عێراقی، ئەم گۆڕانكارییانە لە كاتێكدایە كە هێزەكانی ناو هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعی دەیانەوێ بەر لە چوونە ناو هەڵبژاردنەوە، دەست بەسەر جومگە سەرەكییەكانی پۆستە سەربازییەكانی وڵاتەكەدا بگرن.

گۆڕینی دوو فەرماندە باڵاكەی عێراق دوای ئەوە هات كە بەر لە سێ رۆژ، چەندین پۆستی هەستیار و باڵای ناو وەزارەتی بەرگریی عێراقی فیدراڵ گۆڕانكارییان تێدا كرا.

لەمبارەیەوە بەرپرسێكی ئەمنیی باڵای عێراقی كە نەیویستووە ناوی خۆی ئاشكرا بكات بە ماڵپەڕە عەرەبییەكەی گوتووە ئەو گۆڕانكارییانە سوودانی ئەنجامیان دەدات، پێشبینیكراو نەبوون، لەبەرئەوەی فەرماندە سەربازییە باڵاكانی دوور خراونەتەوە، كەسانی شارەزا و خەمخۆر بوون و نیشانەی پرسیار و ناڕەزاییان لەسەر نییە.

دەشڵێ گۆڕینی ئەو فەرماندانە لەو كاتەدا جێگەی پرسیارە و دیارە كە مەبەستی سیاسی و حزبی لە پشتەوەیە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *