گوتەبێژى وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتیى حکوومەتى هەرێمى کوردستان ئاشکراى کرد، بەپێى پلانێکى وەزارەتەکە و لەپێناو خزمەتکردنى هاووڵاتییان و منداڵانانى تووشبوو بە ئۆتیزم، سەنتەرى ڕاهێنانى منداڵانى ئۆتیزم لە تەواوى قەزاکان دەکرێنەوە.
ئاریان ئەحمەد، گونتەبێژى وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى بە (باسنیوز)ى ڕاگەیاند: “لە هەرێمى کوردستان ژمارەیەکی زۆر منداڵ تووشی ئۆتیزم بوون کە پێویستیان بە چاودێرى و ڕاهێنانى تایبەت هەیە و زۆر جار بەهۆى ئەوەى دایک و باوکى منداڵەکە فەرمانبەرن، ئەرکى سەرشانیان قورس دەبێت، یان دەبێت بە پارە بیانبەن بۆ سەنتەرە ئەهلییەکان”.
گوتیشى: “بەپێى پلانێکى وەزارەتەکەمان، سەنتەرى ڕاهێنانى منداڵانى ئۆتیزم لە تەواوى قەزاکان دەکەینەوە، بۆ ئەو مەبەستە بڕیارەکەمان دەست پێ کردووە، لە ماوەى ڕابردوودا لە هەریەکە لە قەزاکانى کۆیە، بازیان، حاجیاوا ئەو جۆرە سەنتەرانەمان کردووەتەوە و لە کردنەوەى سەنتەرەکەش لە قەزاکانى دیکە بەردەوام دەبین”.
باسى لەوەش کرد: “لەو سەنتەرانە بێ بەرانبەر منداڵانى ئۆتیزم وەردەگیرێن و لەلایەن فەرمانبەرانى تایبەتى ئۆتیزمەوە ڕاهێنانی ئاساییبوونەوەیان پێ دەکرێت و لەگەڵ کردنەوەى هەر سەنتەرێکیش دەرچووى تایبەتى بوارەکە بەپێى پێویست دادەمەزرێنین”.