میدیایەكی جیهانی ئاماژە بەوە دەدات، ئێران بەشی پێویستی یۆرانیۆمی بۆ بەرهەمهێنانی سێ بۆمبی ئەتۆمی هەیە.
ئاژانسی هەواڵی (ڕۆیتەرز)ی جیهانی بڵاوی کردەوە، بەپێی پێوەرەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، ئێستا ئێران بەشی پێویستی یۆرانیۆمی بە چڕیی 60% بۆ بەرهەمهێنانی سێ بۆمبی ئەتۆمی هەیە، تا ئێستاش وەڵامی پرسیار و ڕەچاوکردنی سەرەکیی ئاژانسەکەی نەداوەتەوە سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی.
لە بەشێک لە ڕاپۆرتی نهێنیی نوێی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، کە ڕۆژی چوارشەممە 15/11/2023، خراوەتە بەردەستی ئەم ئاژانسە هەواڵییە، باس لەوە کراوە، کە بەو پێیەی ڕاپۆرتی پێشووی ئاژانسەکە لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا ئامادە کراوە، ئەو بڕە یۆرانیۆمە بە چڕیی 60% لە 6.7 کیلۆ زیادی کردووە و گەیشتووەتە نزیکەی 128 کیلۆ لە ئێران.
بەپێی پێوەرەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، ئەم بڕە ئەگەر چڕییەکەی بۆ 90% بەرز بێتەوە، زیاتر لە سێ ئەوەندەی بڕی یۆرانیۆمی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمییە.