ڕاگەیاندنی بەرێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مین، لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاماژە بەوە دەدات، ئەمڕۆ لە سیدەكان و چۆمان ٤٠ مین و نۆ پاشماوەی تەقەمەنی لەناو بران.
ئەمڕۆ یەكشەممە ١٩/١١/٢٠٢٣، ڕاگەیاندنی بەرێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مینی هەولێر، لە پەیجی تایبەتی خۆی، لە ڕاگەیاندراوێكدا، ئەوەی خستووەتە ڕوو كە لە پرۆسەیەکدا ژمارەیەکی زۆر مین و پاشماوەی تەقەمەنیی جەنگی لەناو بران.
ئەوەیشی ڕوون كردووەتەوە: لە درێژەی پڕۆسەی مینلابردن لە کێڵگە مینی کارێزان لە گوندی مژدەینیان سەر بە شارۆچكەی چۆمان، کە یەکێكە لە کێڵگە مینە هەرە سەختەکان، ٣٤ مین و سێ پاشماوەی تەقەمەنیی جەنگی لەناو بران.
لە ڕاگەیاندراوەكەدا، ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مین، ئەوەشی زیاد كردووە: هەر لەلایەن تیمی لەناوبردنی تەقەمەنی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان EOD، لە کێڵگە مینی گرداڵ مینێكی دژەکەسی، لە گوندی شکەنێش پێنج مینی دژەکەسی و شەش پاشماوەی تەقەمەنیی جەنگی، هەروەها لە سەنتەری شارۆچكەی سیدەکان پارچكەیەك لە پاشماوەی تەقەمەنیی جەنگی کە مەترسیی لەسەر هاووڵاتییان دروست کردبوو، سەرجەمیان گواسترانەوە کۆگای سەرەکیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی، بۆ ئەوەی لە کاتی گونجاودا لەناو ببرێن.