ڕۆژهەڵاتی كوردستان.. تەقەمەنیی سەردەمی شەڕی عێراق و ئێران بووە هۆی گیانلەدەستدانی دوو کەس

بەهۆی تەقینەوەی پاشماوەی تەقەمەنیی سەردەمی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران، لە شاری (مێهران)ی سەر بە پارێزگای (ئیلام) لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، دوو کەس گیانیان لەدەست دا و منداڵێکی تەمەن یەک ساڵەش بە سەختی بریندار بوو.

ڕێکخراوی (هەنگاو) بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردووەتەوە، لە ماوەی ڕۆژانی رابردوودا، بەهۆی تەقینەوەی پاشماوەی تەقەمەنییەکانی سەردەمی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران، لە ماڵێکی شارۆچکەی ئیسلامییەی شاری (مێهران)ی سەر بە پارێزگای ئیلام، دوو کەس بە ناوەکانی (شەهرام) تەمەن 27 ساڵ و (عەباس شیرینیا) تەمەن 35 ساڵ، گیانیان لەدەست داوە.

هەر لەم ڕووداوەدا، کە لە کۆگای ماڵی شەهرام ڕووی داوە، جگە لە شەهرام و عەباس شیرینیای ژنبرای، منداڵێکی تەمەن 15 مانگ، کە کوڕی عەباس بووە، بە سەختی بریندار بووە و باری تەندروستیی ناجێگیرە.

شایانی باسە، کە لە شارەکانی کوردستان و بەتایبەت پارێزگای ئیلام، بەهۆی نەبوونی هەلی کار، کۆمەڵێک کەس بۆ بژێویی بنەماڵەکانیان ڕوو لە کۆکردنەوەی ئاسنەواڵە و پاشماوە مەترسیدارەکانی شەڕ دەکەن و بەهۆی کۆکردنەوە و هەڵگرتنیان لە ماڵەکانیان، هەندێک جار ڕووداوی لەم جۆرە ڕوو دەدەن و قوربانییان لێ دەکەوێتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *