ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی: لە غەززە تەنیا هەناسە ماوەتەوە

بەڕێوەبەری ناوچەیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی سەبارەت بە دۆخی غەززە دەڵێت، تەنیا هەوا بۆ هەناسەهەڵکێشان ماوەتەوە.

لەکاتێکدا شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس پێی ناوەتە 43یەمین ڕۆژ، ئەحمەد ئەلمەنزاری، بەڕێوەبەری ناوچەیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند، دەیان هەزار کەس لە کەرتی غەززە بەدەست هەوکردنی سییەکان و کۆئەندامی هەرسەوە دەناڵێنن.

ئەلمەنزاری، بە ئاماژەدان بە ئاوارەبوونی یەک ملیۆن و 700 هەزار کەس لە دانیشتوانی غەززە بۆ باشووری ئەو شارە، دۆخی تەندروستیی گشتی بە خراپ وەسف کرد و گوتی: ”لە غەززە پێنج لە شەش پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان، ئاو، خۆراک، دەرمان، کار و پەناگە نەماون، تەنیا هەوا بۆ هەناسەهەڵکێشان ماوەتەوە.”

ئەلمەنزاری، گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکانی بۆ غەززە بە زۆر خاو وەسف کرد و گوتی: ”پێشتر ڕۆژانە 500 بارهەڵگر، کە هەموو جۆرە هاوکارییەکیان لەخۆ دەگرت، دەچوونە ناو غەززە و ئێستاش دوای شەش هەفتە لە هێرشەکە، نزیکەی هەزار و 330 بارهەڵگر گەیشتوونەتە غەززە، کە 220 بارهەڵگر کەرەستەی پزیشکییان تێدایە.“

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *