رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاشکرای کرد کە 31 کۆرپەی پێشوەختەی (لە پێش کاتی ئاساییدا لە دایکبوون) فەلەستینی لە نەخۆشخانەی شیفا لە شاری غەززە دەگوازرێنەوە بۆ میسر.
رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژەی بەوەداوە کە 28 لەو کۆرپە پێشوەختانەی کە دوێنێ لە نەخۆشخانەی شیفا لە غەززە گواستراونەتەوە لە ڕێگەی دەروازەی ڕەفەحەوە گەیشتوونەتە وڵاتی میسر.
لەمبارەیەوە دکتۆر محەمەد سەلامە، کە سەرۆکی یەکەی تازە لەدایکبووەکانە لە نەخۆشخانەی ئیماراتی ئەهلی لە ڕەفەح، کە کۆرپەکانی بۆ نێردراوە، بە ماڵپەڕی (بی بی سی) ڕاگەیاندووە، کاتێک گەیشتوونەتە میسر، نەیانزانیوە بە تەواوی کۆرپەکان بەرەو کوێ دەبەن.
ئەوەشی خستووەتە روو: “لیژنەیەک لە وەزارەتی تەندروستی میسرەوە پێشوازییان لێدەکات و دواتر بڕیاریان لەسەر دەدات.”
ڕۆژنامەنوسانی (بی بی سی) عەرەبی دەڵێن: “ئێمە قسە لەگەڵ تیمەکان دەکەین بۆ ئەوەی بزانین بۆچی تەنها 28 لە کۆرپەکان دەگوازرێنەوە.”
دوێنێ هەندێک لە دایک و باوکان گەیشتنە نەخۆشخانەی ئەهلی ئیمارات بۆ ئەوەی ناسنامەی کۆرپەکانیان بناسن داوایان لێکراوە فۆڕمی ڕەزامەندی واژۆ بکەن بۆ ئەوەی کۆرپەکانیان بنێردرێت بۆ وەرگرتنی چارەسەر لە میسر.
وە هەروەها یەک منداڵی ساوا هەیە کە ناسنامەکەی نەناسراوە و دایک و باوکی نەناسراون، تاوەکوو ئێستاش لە نەخۆشخانەیە، بڕیاری هێشتنەوەی لەلایەن وەزارەتی تەندروستی غەززەوە دراوە بەو پێیەی باری تەندروستی جێگیرە و پێویست ناکات بگوازرێتەوە بۆ چارەسەرکردن، دوو کۆرپەی دیکەش، دایک و باوکیان بەهۆی بارودۆخی کەسییەوە ڕەتیانکردەوە ڕەوانەی دەرەوەیان بکەن.
هەروەها دکتۆر محەمەد سەلامە دەڵێت کە ئەو سێ کۆرپەیە باری تەندروستیان جێگیرە.