ڕۆژنامەی (سترایتس تایمز) بابەتێكی لەسەر گوندی پاکتۆنگ لە ویلایەتی میزۆرام لە باکووری ڕۆژهەڵاتی هیندستان بڵاو كردووەتەوە، كە گەورەترین خێزانی جیهانی تێدایە و لەژێر بنمیچی ماڵێکی گەورەدا دەژین.
خێزانی (زیۆنا) بە گەورەترین خێزانی جیهان دادەنرێت، کە دووسەد نەوە لەژێر بنمیچی خانوویێكی گەورەدا دەژین. ناوی خێزانەکە دەگەڕێتەوە بۆ (زیۆنای باوک)، کە باوکی خێزانەکەیە و دوای مردنی، 38 ژن و 89 نەوەی لەدوای خۆی بەجێ هێشت.
زیۆنای باوک، کە لەلایەن ژن و منداڵەکانیەوە بە ڕێزەوە بە “هەڵبژێردراو”، یان “پیاوی کارێزمایی” وەسف دەکرێت، چونکە ئەو تەنیا سەرۆکی خێزانە گەورەکە نەبوو، بەڵکوو ڕابەرایەتیی مەزهەبێکی مەسیحیی هەزار ساڵەی دەکرد، کە بە (کەنیسەی چوان تار- كەنیسەی نەوەی نوێ) ناسراوە. ئەم مەزهەبە پشتگیری لە فرەژنی دەکات و نزیکەی دوو هەزار و 600 ئەندامی هەیە، کە هەموویان خەڵکی ناوچەی باکتۆنگن. لە مانگی حوزەیرانی 2021دا، بەهۆی بەرزیی فشاری خوێن و شەکرە، لە تەمەنی 76 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەودا، خێزانەکە ناوبانگێکی جیهانیی بەدەست هێنا، ئەمەش دوای ئەوەی لە ساڵی 2014، ناوی خێزانەکە کرایە لیستی ئەو شتە سەیروسەمەرانەی، کە لە چاپێکی تایبەتی کتێبی (باوەڕ مەکە)ی (ڕیپلی)دا باس کراون. ئەمەش وای کرد ژمارەیەكی زۆر گەشتیار لە هیندستان و دەرەوەی وڵاتەکەوە سەردانی بکەن، تەنانەت ئەمڕۆش گەشتیارانی بێزارکەر لەم گۆشە دابڕاوە هیندستاندا، بەبێ ئاگاداریی خۆیان سەردانیان دەکەن، بۆ ئەوەی لەبارەی ژیان و گوزەرانی ئەو خێزانە نائاساییە زانیاری بەدەست بخەن.
سەرەڕای مردنی دامەزرێنەری خێزانەکە، هێشتا خێزانەکەی لە بینایەکی گەورەدا دەژین، کە ئەو دروستی کردووە، ئێستا ژمارەی خێزانەکە 199 ئەندامە، کە ڕۆژانە دوو جار لە هۆڵێکی گەورەدا بۆ نانخواردن کۆ دەبنەوە، کە هێندەی چێشتخانەیەکی بەناوبانگ قەرەباڵغ دەردەکەوێت.
هێڵی جێنشینی سەرۆکی خێزانەکە، لە ئەستۆی نونپارلیانا، کوڕە گەورەکەی زیۆنایە، کە ئێستا سەرۆکی خێزانەکەیە، بەپێچەوانەی باوکی، کە لەلایەن ئەندامانی مەزهەبەکەوە ڕێزی زۆری لێ دەگیرا، كوڕەكەی پێگەیەكی ئایینیی تاڕادەیەک نزمی هەیە، هەروەها ڕۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی زیاتری لە خێزانەکەدا هەیە، نەک سەرۆکی كەنیسەی مەزهەبەکە.
شێوازی ژیان و ئابووریی خێزانەکە
هەموو ئەندامانی خێزانە دوو سەد کەسییەکە لە ماڵێکی سەد ژووریدا دەژین، کە هۆڵێکی گەورەی دوو نهۆمیی تێدایە بۆ دانیشتن و نانخواردن، ڕۆژانە بۆ دوو ژەم تەواوی ئەندامانی خێزانەکە لە هۆڵەکەدا کۆ دەبنەوە، ئەمەش هێندەی چێشتخانەیەکی گەورەی قەرەباڵغ دەردەکەوێت. ئەو دوو ژەمە خواردنەی خێزانەکە قورساییەکی گەورەیە لەسەر شانی ئەندامەکانی، چونکە هەر ژەمێک بەلایەنی کەمەوە 80 کیلۆ برنج دەخۆن، هەروەها چەندین خواردنی دیکە، کە لە مەنجەڵی گەورە گەورە گەورەدا ئامادە دەکرێن و پاشان هۆڵی نانخواردن و دەفرەکان پاک دەکرێنەوە.
بۆ ژنانی خێزانەکە، کارکردن لەناو ماڵەکەدا ماندووکەرە، ئەوان ڕۆژانە دوو جار خۆراک دەدەن بە خێزانێک، کە نزیکەی 200 کەسی تێدایە، ئەو کارەش بریتییە لە ئامادەکردن و بارکردنی پێکهاتەکانی خواردن لە کێڵگەکەدا و بژارکردنی ئەو 80 کیلۆ برنجەی، کە ڕۆژانە دەخورێت و شۆردنی دەفر و مەنجەڵە گەورەکان.
خاتوو تانساننگزێلی، کە هاوسەری یەکێک لە نەوەکانی زیۆنایە، دەڵێت: “خواردن ئامادەکردن و چێشتلێنان بۆ هەر کەسێک، بڕێکی زۆر کاتێکی زۆری دەوێت، تا خۆی لەگەڵیدا بگونجێنێت، بەڵام کارکردن بە شێوازی کۆمۆنەیی لەگەڵ ژنانی دیکەی ماڵەوە، وا دەکات هەست بە ماندووێتی نەکەیت.”
یەکێک لە ژنانی خێزانەکە دەڵێت: “وەکوو هەر خێزانێکی دیکە، هەموومان ڕووبەڕووی گرفت و کێشە دەبینەوە، بەڵام ئێمە ڕوانگەیەکی ئەرێنیمان هەیە، چونکە خێزانێکی گەورەین و لە هەموو باردۆخێکدا پشتگیریی یەکتر دەکەین.”
خێزانە گەورەکە، لە ڕووی کاری ڕۆژانە و بەهەرمهێنانەوە، زۆربەی ئەرک و کارەکان بە شێوازی کۆمۆنەیی – هەرەوەزی ڕادەپەڕێنن.
خێزانەکە خاوەنی ئابووریی خۆیەتی و لە ڕێگەی پێنج کێڵگەی بەخێوكردنی بەراز و چەندین کێڵگەی گەنمەشامی و کارگەیەکی ئەلەمنیۆمەوە بژێویی خێزانەکە دابین دەکەن.
ئەندامانی خێزانەکە لە ڕێگەی پیشە سەرەتاییەكانی وەکوو کشتوکاڵ و دارتاشی و ئێستاش بە ئەلەمنیۆمەوە، ئابووریی خۆیان دەستەبەر دەكەن و بەشێک لە کەرەستە و کاڵاکانیش دەفرۆشن و بە پارەکەی دەرمان و پێدوایستیی دیکە بۆ خێزانەکە دەکڕن.
خێزانەکە، سەرەڕای بەدەستهێنانی ئابووریی ناوخۆیی، چەندین خزمەتگوزارییشی هەیە، لەوانە بنکەیەکی سەرەتایی تەندروستی و نۆرینگەیەک، کە چەند ئەندامێکی خێزانەکە بەڕێوەی دەبەن.
نەوەی نوێ و گۆڕانکاری
دوای دەیان ساڵ لە گەشەکردن و فراوانبوونی ئەندامانی خێزانەکە لە ڕێگەی فرەژنییەوە، خێزانەکە خۆی بۆ گۆڕانکاری ئامادە دەکات. ناوەڕۆکی ئەم گۆڕانکارییەش، دوورکەوتنەوەیە لە نەریتی باوکە زیۆنا.
ئێستا، نونپارلیانا سەرۆکی خێزانەکە، تاکە پیاوە لە ماڵەکەدا، کە دوو ژنی هەیە و دوو ژنەکەیشی خوشکن.
ئەو دەڵێت: ”من وەکوو باوکم نیم، ئەو لەلایەن خوداوە هەڵبژێردراوە، بەڵام ئێمە تەنیا مرۆڤی ئاسایین و ناتوانین چەند ژنێکمان هەبێت.“
شتەکان بۆ باوکی جیاواز بوون، مێژوونووسی هینیدی (ڤانلالپێکا) ساڵی 2019 لە توێژینەوەیەکدا، بۆ گۆڤاری (کۆمەڵناسی و ئەنترۆپۆلۆژی) نووسیویەتی: ”زیۆنا وەکوو پێغەمبەرێک خودا سەیر دەکرا، کچەکانی کۆمەڵگاکە خۆیان داوای هاوسەرگیریان لێی دەکرد. هاوشێوەی سەرۆک هۆزێک، کە پارێزگاری پێشکەش بەو کەسانە دەکات کە پەنای بۆ دەبەن. زیۆنا هەرگیز ئەو ژنانەی ڕەت نەکردەوە، کە دەیانویست هاوسەرگیریی لەگەڵدا بکەن، لە کاتێکدا هاوسەرگیریکردن لەگەڵ زیۆنا سەقامگیرییەکی دارایی و ئاسایشی زیاتری پێشکەش بە ژنانی خێزانە هەژارەکان دەکرد، ئەو پەیوەندییە هاوسەرگیرییە بەرفراوانانەی کە لە ڕێگەی ئەم ڕێکخستنە فرەژنییەوە دامەزرابوون، هەروەها هاوسەرگیرییە زۆرەکانی کچەکانی لەگەڵ کەسانی دیکە لە گوندەکەدا، یارمەتیدەر بوون بۆ بەهێزکردنی دەستگرتنی بەسەر کۆمەڵگاکەدا وەکوو سەرکردە.
ئێستا، پیاوانی دیکەی خێزانەکە سەبارەت بە هاوسەرگیری هەستێکی جیاوازیان هەیە. مێستێر ڕیکۆرد، یەکێکە لە نەوە بچووکەکانی زیۆنا، کە لە وەرشەی ئەلەمنیۆم کار دەکات، دەڵێت دڵخۆشە بەوەی یەک ژنی هەیە.
نەوەی نوێی ژنانی نێو خێزانەکە پێیانوایە، مێردەکانیان نایانەوێت لەسەر نەریتی فرەژنیی ئەو مەزهەبە بەردەوام بن. خاتوو هریاتی تەمەن 33 ساڵ، کە هاوسەرگیری لەگەڵ یەکێک لە نەوەکانی بەڕێز زیۆنا کردووە، دەڵێت: “دڵنیام هاوسەرەکەم هاوسەرگیری لەگەڵ هیچ ژنێکی دیکە ناکات.”
خاتوو هریاتی، بەتەمەنترین ژنی خێزانەکەیە، دەڵێت: ئەوەی منداڵەکانی ئەو و منداڵەکانی دیکە بڕیار دەدەن، بەتەواوی پەیوەستە بە خۆیانەوە، لەنێویاندا ئایا دەیانەوێت لە ماڵی خێزانەکەدا بمێننەوە یان نا؟
دەشڵێت: “تەنیا دەمەوێت منداڵەکانم داهاتوویەکی باشیان هەبێت و باش پەروەردە بن، تەنانەت ئەگەر بیانەوێت بچنە شارە گەورەکان، یان دەرەوەی وڵات، ئەوە هەڵبژاردەی ئەوان دەبێت”.