بەڤیدیۆ.. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆڵبەرێکی گەنج کوژرا

کۆڵبەرێکی گەنجی خەڵکی شاری (سەلاسی باوەجانی)ی سەر بە پارێزگای کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، لە کاتی کۆڵبەریدا، بە تەقەی هێزە ئەمنییەكانی ئێران کوژرا.

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە 26/11/2023، یاوەر وەیسی، کۆڵبەرێکی تەمەن 28 ساڵ و خەڵکی گوندی (قوڵقوڵە)ی سەر بە شاری (سەلاسی باوەجانی)، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەكانی ئێران لە سنووری نەوسوود کوژرا.

ڕێکخراوی (هەنگاو) بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاوی کردووەتەوە، ئەو کۆڵبەرە لە مەودایەکی نزیک و بە چەکی کڵاشینکۆفی هێزە ئەمنییەكانی ئێران لە سنووری نەوسوود ڕاستەوخۆ تەقەی لێ کراوە و شان و پشتی پێکراوە، دوای ئەوە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری نەوسوود، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەست داوە.

جێگەی باسە، یاوەر وەیسی، خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بووە.

ئەمەش لەكاتێكدایە، دوو ڕۆژ پێش ئێستا، فارووق عەلیزادە، کۆڵبەرێکی مێرمنداڵی تەمەن 17 ساڵ و خەڵکی شاری ڕەبەتی سەر بە شارستانی سەردەشت، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەكانی ئێران لە سنووری گوندی (هەنگەژاڵ)ی شاری بانە كوژرا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *