لەسەر بودجەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و بە بڕى زیاتر لە 200 ملیۆن دینار، پرۆژەى قیرکردنى گوندێکى سنوورى ئیدارەى ڕاپەڕین جێبەجێ دەکرێت.
ئومێد حەمە، بەڕێوەبەرى گشتیى ڕێگاوبانى ڕاپەڕین، بە (باسنیوز)ى ڕاگەیاند: “پرۆژەکە بریتییە لە قیرکردنى ڕێگاى گوندى دێرێ لە ناحیەى سەرکەپکان بە بڕى نزیکەى 217 ملیۆن دینار”.
گوتیشى: “پرۆژەکە لە بەڕێوەبەرایەتیی چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی ڕاپەڕینەوە جێبەجێ دەکرێت کە درێژییەکەى زیاتر لە دوو کیلۆمەترە”.
باسى لەوەش کرد: “بڕیارە لە ماوەیەکى دیاریکراودا پرۆژەکە تەواو بکرێت کە بەهۆیەوە وێڕاى چارەسەربوونى گرفتەکانى هاتوچۆ، لە ڕووى کشتوکاڵى و ئاژەڵدارى و بە ئاوەدانماوەنەوەى گوندەکەشەوە سوود بە هاووڵاتییانى گوندەکە دەگات”.