لە ئێوارەوە پرۆژەكانی بەرهەمهێنانی ئاوی پاك بۆ كۆیە وەستێندراون و بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی کۆیە روونكردنەوەیەك بڵاو دەكاتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی کۆیە ئەمڕۆ هەینی بڵاوی کردەوە کە لە کاتژمێر ٥:٣٠ی ئێوارەوە سەرجەم پرۆژەکانی بەرهەمهێنانی ئاوی پاک کە ئاو دابین دەکەن بۆ سەنتەری قەزای کۆیە و بەشێک لە گوندەکانی سەر بە قەزای کۆیە وەستێنران، بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوی زێی بچووک (دووکان) کە سەرچاوەی دابینکردنی ئاوی پاکە بۆ قەزای کۆیە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە هۆکاری گرفتەکەی گەڕاندووەتەوە بۆ پچڕان و کوژانەوەی کارەبای سەرەکی کە لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان رووی دا.
ئاماژەشی بەوە داوە كە ئەو کاتەی ئاستی ئاوی زێی بچووک گەڕایەوە ئاستی خۆی، دەست دەکرێتەوە بە دابەشکردنی ئاو.