سەرچاوەیەكی ئەمنیی ئاشكرای كرد ئەمشەو پێنج چەكداری حەشدی شەعبی، لە بۆردوومانێكی ئەمریكییەكاندا بۆ سەر بارەگایەكی میلیشیاكان لە كەركووك كوژران.
بەپێی میدیاكانی عێراق، هێرشەكە لەلایەن درۆنێكی ئەمریكییەوە یاخود لە ڕێگەی مووشەكەوە بۆ سەر بارەگایەكی میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە كەركووك ئەنجام دراوە، لە ئەنجامدا پێنج چەكداری حەشد كوژراون.
میدیاكانی عێراق تا ئێستا پشتڕاستیان نەكردووەتەوە هێرشەكە بۆ سەر كام بارەگا و بنكەی میلیشیاكانی حەشد ئەنجام دراوە.
لەمبارەیەوە میلیشیای (بزووتنەوەی نوجەبا) كوژرانی پێنج لە چەكدارەكانی و برینداربوونی ژمارەیەكی تری پشتڕاست كردەوە و ئەوەشی راگەیاند كە لەلایەن فڕۆكە ئەمریكییەكانەوە كراونەتە ئامانج.
ئەمەش لە كاتێكدایە كە هەر ئەمڕۆ شەش مووشەك لە دەوروبەری ناوچەی روبەیعەی سنوورییەوە لە عێراقەوە بە ئاراستەی خاكی سووریا هەڵدرابوون، تا بنكەیەكی هێزە ئەمریكییەكان لەسەر سنووری سووریا و عێراق بكەنە ئامانج.