ئاسایشی هەولێر تۆمەتبارێکی لەسەر هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت دەستگیر کرد

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی تۆمەتبارێک لەسەر هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت و خۆنمایشکردنی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان راگەیاند.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 14/12/2023، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر بڵاوی کردەوە: “لەدرێژەی هەڵمەتی ڕووبەڕووبوونەوەی قەدەغەکردنی هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت و بڵاوکردنەوی وێنە و گرتەڤیدۆی کاتی تەقەکردن لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر تۆمەتبار (م، ح، ع) کە کاری ڤاینەری دەکات لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن هێزەکانمانەوە دەستگیرکرا، بەتۆمەتی هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت و خۆنمایشکردن بەچەک و بڵاوکردنەوەی گرتەی ڤیدۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان كە کارێکی قەدەغەيه.”

ئاماژە بەوەش دراوە: “بۆیە دووپاتی دەکەینەوە هەرکەسێک چەکی بێ مۆڵەتی لابێت یان گرتەڤیدۆیی چەک و کاتی تەقەکردنی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بکاتەوە بە بڕياری دادگا لە لايەن هێزەکانمانەوە دەستگیر دەکرێت.”

هەروەها ئەوەش خراوەتە روو: “جێگەی ئاماژەیە دەست خۆشی لە هاووڵاتییانی شاری هەولێر و دەورووبەری دەکەین کە هەمیشە پاڵپشت و هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان بوون لە پێدانی زانیاری.”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *