پارێزەرێك: دەستوورەكەی پەكەكە بۆ ڕۆژئاوای كوردستان بەسەر گەلدا سەپێندراوە و دەستوورێكی دیكتاتۆرانەیە

پارێزەرێك رای دەگەیەنێت، ئەو دەستوورەی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) بۆ ڕۆژئاوای كوردستانی نووسیوەتەوە و ناوی ناوە دەستووری هەرێمی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، دەستوورێكی دیكتاتۆرانەیە و بەسەر گەلدا سەپێندراوە.
لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە، پەكەكە دەستوورێكی بڵاو كردەوە و بانگەشەی ئەوەی كرد كە دەستووری هەرێمی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایە، بەبێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەك بە ناوی كوردستان بدات و تەنانەت بە گوێرەی دەستوورەكەشی، زمانی كوردی لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پەكەكە، لە ڕووی ڕیزبەندییەوە زمانی دووەمە لە زمانە فەرمییەكان!
لەمبارەیەوە ئاسۆ شێخانی، پارێزەری راوێژكار بە (باسنیوز)ی راگەیاند، پرۆسەی نووسینەوەی دەستووری هەر وڵات یان قەوارەیەکی دیموکراتی بەپێی زانستی دەستوور بریتییە لە چوار قۆناغ تاوەكوو دەستوورێكی ڕێزلێگیراو بێت و دیموكراسی بێت، چونكە ئەگەر دەستوور بە قۆناغە زانستییەكانی خۆیدا نەڕوات، دەكرێت دەستوورێكی دیكتاتۆری بێت و بەسەر گەلدا سەپێندرابێت هەروەك ئەو دەستوورەی پەكەكە.
ڕوونیشی كردەوە كە قۆناغەكان بریتین لە:
یەكەم: قۆناغی نووسینەوەی رەشنووسی دەستوور لە لایەن ئەنجوومەنی یاسادانان یان ئەنجوومەنی دامەزرێنەر لەو وڵاتانەی كە هێشتا پەرلەمانیان نییە.
دووەم: قۆناغی بڵاوكردنەوەی رەشنووسەكەی دەستوور بۆ هەموو خەڵكی تاوەکوو زۆرترین خەڵك بیخوێننەوە و تێبینییەكانی خۆیان لەبارەیەوە بخەنە ڕوو و تێبینییەكانیش بگەڕێندرێنەوە بۆ ئەو ئەنجوومەنەی كە ڕەشنووسەكەی نووسیوە.
سێیەم: قۆناغی دووبارە رێکخستنەوەی رەشنووسەکە و هەڵسەنگاندنی تێبینییەكان و جێكردنەوەیان لەنێو ڕەشنووسەكەی دەستوور، دواتر پڕۆژەی دەستوورەكە بە تەواوی ئامادە دەكرێت و بۆ هەموو خەڵكی بڵاو دەكرێتەوە تاوەكوو بزانن ناوەڕۆكی پڕۆژەی دەستوورەكە چییە.
چوارەم: ئەم قۆناغەیان لە هەموو قۆناغەكان گرنگترە و چارەنووسی دەستوورەكە بەوەی دیموكراسییە یان دیكتاتۆرییە لەسەر ئەم قۆناغە وەستاوە، ئەویش بریتییە لەوەی پرۆژەی دەستوورەكە بخرێتە راپرسییەکی گشتگیر تا گەل وەک پەیمانێکی کۆمەڵایەتی و یاسای باڵای وڵات دەنگی پێ بدات. هەروەك ئاسۆ شێخانی ئاماژەی پێ كرد.
ئەو پارێزەرە راوێژكارە جەختی لەوە كردەوە كە بەبێ ئەم چوار قۆناغە، بە دیاریكراویش بەبێ ڕاپرسیكردن لەنێو گەلدا، دەستوور نابێتە دەستوورێكی باڵا و لەو حاڵەتەشدا بەشێك لە كۆمەڵگە مافی ئەوەیان هەیە پابەندی ئەو دەستوورە نەبن و بە هی خۆیانی نەزانن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *