وێنەی ئۆتۆمبێلێكی سەربازیی ڕووسی لە میدیا جیهانییەكاندا بڵاو كراوەتەوە و ئاماژە بەوە دراوە، ڕووسیا ڕێگایەكی جیاواز بۆ شاردنەوە و پاراستنی ئۆتۆمبێلە سەربازییەكانی لە درۆنەكانی ئۆكراینا دەگرێتە بەر، شارازەیانی سەربازییش پێیان وایە ڕێگاكە سەركەوتوو نابێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 19/12/2023، میدیا جیهانییەكان وێنەی ئۆتۆمبێلێكی سەربازیی ڕووسیایان بڵاو كردووەتەوە، كە بە پووش و پەڵاش داپۆشراوە و ئاماژە بەوە دراوە، ڕووسیا بەو ڕێگەیە ئۆتۆمبێلەكانی لە درۆنەكانی ئۆكراینا دەشارێتەوە و دەپارێزێت، ئەمەش بۆ ئەوەی ئەو درۆنانەی لە ئاسمانەوە بەپێی پلەی گەرمی ئامانجەكانیان دەپێكن، ڕووسیا پێی وایە بە شاردنەوەی ئۆتۆمبێلەكانی بەو پووش و پەڵاشە، درۆنەكان ناتوانن بە بەرزیی پلەی گەرمیی ئۆتۆمبێلەكە، ئۆتۆمبێلە سەربازییەكانیان دەستنیشان بكەن و بۆردومانیان بكەن.
باس لەوەش دەكرێت، ئەو ئۆتۆمبێلەی بە پووش و پەڵاش داپۆشراوە، ئۆتۆمبێلی جۆری (بوخانكا)ی هێزە سەربازییەكانی ڕووسیایە، بەهۆی ئەوەی زۆرترین ئۆتۆمبێلی لەم شێوەیە لە بەرەكانی پێشەوەی شەڕی ڕووسیا و ئۆكراینا بوونە، زۆرترینیشیان بۆردومان كراون، بۆیە ڕووسیا هەوڵ دەدات بەم شێوەیە پارێزگارییان لێ بكات.
هەر لەمبارەیەوە، هامیش دی بریتۆن گۆردۆن، فەرماندەی پێشووی تانكەكانی بەریتانیا و شارەزای سەربازی، بە ئاژانسی (تێلێگراف)ی وڵاتەكەی ڕاگەیاندووە: “ئەو ڕێگایەی ڕووسیا بۆ پاراستنی ئۆتۆمبێلە سەربازییەكانی گرتوویەتیە بەر، سەركەوتوو نابێت و درۆنێكی ئاسایی 500 دۆلاری، دەتوانێت شوێنی ئۆتۆمبێلەكە دەستنیشان بكات.”