زانیاریی نوێ لەبارەی ھاتنی شەپۆلێکی بەفروباران راگەیاندرا

شارەزایەکی بواری کەشناسی زانیاریی نوێی لەبارەی ئەم شەپۆلە بەفروبارانە ئاشکرا کرد کە پێشبینی دەکرێت لە کۆتایی ئەم هەفتەیە هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.

ئەمشەو سێشەممە 19/12/2023، ئاراس جەبار، شارەزای باری کەسناسی بڵاوی کردەوە: “کۆتایی ئەم ھەفتەیە لە بەیانی رۆژی ھەینی 22/12/2023، کاریگەری بەرزەپاڵەپەستۆی سەر ناوچەکانمان کۆتایی پێ دێت و لە دەریای ناوەراستەوە نزمە پاڵەپەستۆیەک بۆ سەر ناوچەکانمان چالاک دەبێت سەرەتاش بە نمە بارانی پچڕپچر کاریگەری دەبێت و لەناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دھۆک و ھەولێر ئەگەری بارانی مامناوەند و تاوە باران بەرێژەی جیاجیا دەبێت لەگەڵ بارینی بەفر لەچیا بەرزەکاندا.”

ئەوەشی خستووەتە روو: “لە رۆژی شەممە 23/12/2023، کاریگەریی ئەم شەپۆلە زیاتر دەبێت لەگەڵ دابەزینی بارستە ھەوایەکی سارد لە باکوورەوە بەتایبەت بۆ سەر ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دھۆک و ھەولێر، نزمبوونەوەی بەرچاو لە پلەکانی گەرما ڕوودەدات و ئەگەری بارانی چڕ و بەردەوام بەدرێژای کاتەکان دەبێت لەگەڵ بارینی بەفرێکی چڕیش لەشاخە بەرزەکان لە بەرزی 2000 مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە.”

راشی گەیاندووە: “لەسەنتەری پارێزگاکان و ناوچە نزمەکان ناوبەناو ئەگەری بارانێکی مامناوەند دەبێت و لەگەڵ چالاکبوونی بای باشوور لەزۆربەی ناوچەکان بەخێرای 15 تا 35کم لە کاتژمێرێکدا.”

ئەو شارەزایەی بواری کەشناسی ئاماژەشی بەوە داوە: “لە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 24/12/2023، باو باران فراوانتر و چالاکتر دەبێت بۆ سەرجەم ناوچەکان لەناوچە نزمەکان و سەنتەری پارێزگاکانیش ئەگەری بارانی باش و مامناوەند دەبێت، بەھۆی زیاتر دابەزینی بارستە ھەوا ساردەکەی باکوور پلەکانی گەرما نزمبوونەوەی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت و خێرای با چالاکتر دەبێت لە نێوان 15 تا ھەندێک کات بۆ زیاتر لە 45کم لە کاتژمێرێکدا، کە لەناوچە شاخاوییەکان باکە بەھێزتر دەبێت زۆرکات بۆ سەرووی 60کم زیاتر لە کاتژمێرێکدا چالاک دەبێت و بەفر لەناوچە شاخاوییەکاندا بۆ بەرزاییەکانی خوار 1600 مەتر لەئاستی ڕووی دەریادا دەبەزێت و پێشبینی بارینی بەفرێکی زۆر و چڕ دەکرێت، کاریگەری ئەم شەپۆلەش تا بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 25/12/2023 بەردەوامی دەبێت.”

هەروەها رێژەی پێشبینی کراوی بەفروبارانی لەماوەی کاریگەری ئەم شەپۆلەدا بەم شێوەی خوارەوە خستووەتە روو:

– سەنتەری پارێزگای دھۆک و ناوچە نزمەکانی 50 بۆ 80 ملم و لە ناوچە شاخاوییەکان زیاتر لە 100 بۆ 150 ملم ، بەفر لەناوچە شاخاویە بەرزەکاندا زیاتر لە 20 تا 50 سم.

– سەنتەری پارێزگای ھەولێر و ناوچە نزمەکانی 30 بۆ 60 ملم لە ناوچە شاخاوییەکان زیاتر لە 100 بۆ 200 ملم ، بەفر لەناوچە شاخاویە بەرزەکان 50 سم تا زیاتر لە 1 مەتر.

– سەنتەری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە 30 بۆ 50 ملم لە ناوچە شاخاوییەکان زیاتر لە 50 بۆ 90 ملم ، بەفر لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان 10 بۆ 30 سم.

– سەنتەری پارێزگای کەرکوک و دەوروبەری 15 بۆ 30 ملم.

– سنووری ئیدارەی راپەرین زیاتر لە 100 بۆ 150 ملم لە ناوچە شاخاوییەکان زیاتر لە 200 ملم ، بەفر لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان 50 بۆ زیاتر لە 1 مەتر لەلوتکەی چیا بەرزەکان زیاتر لە 2 مەتر.

– سنووری ئیدارەی گەرمیان ناوچەکانی خوارەوە 5 بۆ 15 ملم و ناوچەکانی ناوەراست بۆ سەرەوە 20 بۆ 40 ملم.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *