وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان 10 سەنتەری مەساج و دوو شوێنی تاتۆی لە شاری هەولێر داخست.
وەزارەتی تەندروستی بڵاوی کردەوە: “ئەمرۆ پێنجشەممە 21/12/2023، لە درێژەی هەڵمەت و پشكنینەكانیان، بەشی چاودێری تەندوستی وەزارەتی تەندروستی بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمەکانی چاودێری تەندروستی لە بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی تەندروستیی هەولێر، هەروەها بە هەماهەنگی قایمقامیەتی قەزای عەنکاوە، پشكنیان بۆ چەندین سەنتەری مەساج و شوێنی تاتۆ ئەنجامدا و بەهۆی پابەند نەبوونیان بە رێنوێنییەکانی وەزارەتی تەندروستیی و جێبەجێنەكردنی رێنوێنییەکان بڕیاری داخستن بۆ 10 سەنتەری مەساج و دوو شوێنی ئەنجامدانی تاتۆی لەش دەرچوو، هاوكات سەرپێچیكارانیش ڕێكاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.”
هەروەها وەزارەتی تەندروستی ئاماژەشی بەوە داوە: “هاووڵاتییان دڵنیادەكاتەوە كە لیژنەكانمان لە سەرجەم شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان بەردەوامن لە چاودێریكردن و هەر سەرپێچیەك ڕووبدات ڕووبەڕووی یاسای دەكەنەوە.”