هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا چوار مانگی ماوە، لە چەند رۆژی داهاتوودا، ئاكەپە و مەهەپە، بەربژێرێك بۆ هەڵبژاردنی شارەوانیی ئیستانبۆڵ دیاری دەكەن، بەڵام دەزگایەكی راپرسی ئاشكرای دەكات، ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی ئێستای شارەوانیی ئیستانبۆڵ و بەربژێری جەهەپە بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكان، لەپێشەوەی هەموو بەربژێرەكانی ئاكەپە و مەهەپەیە.
دەزگای راپرسی (مێترۆپول) بڵاوی كردووەتەوە، لە 38 ناوچەی ئیستانبۆڵ راپرسییان لەگەڵ 1500 كەسدا ئەنجام داوە، گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی كە ئیمامئۆغڵو لەپێشەوەیە.
هاوپەیمانیی (كۆماری)، لە نێوان ئاكەپە و مەهەپە، تاوەكوو ئێستا ناوی هیچ كەسێكیان وەكوو بەربژێری هەڵبژاردنی ئیستانبۆڵ دیاری نەكردووە، بەڵام ناوی عەلی یەرلی كایە، سەلجوق بایراكتار و موراد كووڕوم دێت، كە یەكێك لەو سێ كەسە دەبنە بەربژێر.
بەگوێرەی راپرسیی دەزگاكه، ئیمامئۆغڵو لەپێشەوەی هەموو ئەو بەربژێرانەیە كە ناویان هاتووە، جیاوازیی نێوانیشیان 5% دەبێت.
ئەوەشی بڵاو كردووەتەوە، كە 84%ی دەنگدەرانی پارتی خاس، دەنگ بە ئیمامئۆغڵو دەدەن، لە كاتێكدا پارتی خاس، بەربژێری خۆی هەیە. هەروەها 75%ی دەنگدەری پارتی دەم، دەنگ بە ئەكرەم ئیمامئۆغڵو دەدەن، واتە ئەو دەنگدەرانە بەگوێی پارتەكانیان ناكەن و دەنگیان بۆ ئیمامئۆغڵو یەكلایی بووەتەوە.