پارێزگای هەولێر لێکۆڵینەوە لە کێشەی ئافرەتێكی بیانی لە شێڵتەری سەگە بێلانەکان دەكات

ئەمشەو بەڕێوەبەراتیی فەرمانگەى خزمەتگوزاریی ژینگەپارێزیی هەولێر ڕوونكردنەوەیەكی لەبارەی ئەو ئافرەتە بیانییە بڵاو كردەوە كە وەک خۆبەخش سەردانی شێڵتەری سەگە بێلانەکانی هەولێری كردووە و دەڵێ ئافرەتەكە كێشەی ناوەتەوە، لەمبارەیەوە پارێزگای هەولێر رای گەیاندووە كە لێکۆڵینەوە لە کێشەكە دەكەن.

بەڕێوەبەرایەتییەكە لە ڕوونکردنەوەكەدا لە بارەی شێڵتەری سەگى بێلانەی هەولێرەوە بڵاوی كردووەتەوە كە چەند رۆژیک لەمەوبەر ئافرەتێکی بیانی، سەردانی بەرێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاری ژینگەپارێزی هەولێرى کرد و ئامادەیی خۆی دەربڕی کە بە تیمی خۆبەخش و دابینکردنی دەرمان هاوکاری شێڵتەرى سەگى بێلانەى هەولێر بکات، وەکو بەرێوەبەرایەتی فەرمانگەى ژینگە پارێزى هەولێر، داواکارییەکەیان قەبووڵ کرد و سوپاسى هەر کەس و لایەنێک دەکەن کە هاوکاریان بێت، دوێنێ سێشەممەش داوای چوونە ژوورەوەی شێڵتەرى کردووە و ڕازامەندی پێ دراوە، ئەمڕۆ چوارشەممەش بڕیار بوو برێک دەرمان ببات وەک یارمەتى بۆ شێڵتەر.

ئاماژەشی بەوە داوە كە ئافرەتەكە ئەمڕۆ لە کاتی چوونە ژوورەوەدا بە وشەى نەشیاو بێ ڕێزییەکی زۆری بەرامبەر بە ستافی شێڵتەر و پزیشکانى ڤێتێرنەری کردووە کە تەمەنێکی زۆریان هەیە لەو بوارەدا، سەربارى ئەوەش خۆی وا نیشان داوە کە بەهۆی پاڵپشتی هاوسەرەکەیەوە دەتوانێت هەر کار و ڕەفتارێک ئارەزوو بکات ئەنجامی بدات، لەگەڵ دوو کەسى دیکە کە هاوکارى بوونە، خۆیان تێکەڵ بە هەندێک بابەت کردووە کە دوور و نزیک پەیوەندی بە ئەوانەوە نییە، بۆ نموونە ناڕەزاییان دەربڕیوە لەوەى بۆچی خواردن و ئاو لە ناو قەفسی ئاژەڵەکاندا نییە، بێئاگا لەوەى بە پێی ڕێنمایی ڤێتەرنەری ئەو ئاژەڵی نەشتەرگەری بۆ دەکرێت، نابێ ئاو و خواردنی تا ماوەیەک پێ بدرێت، ئەوە سەربارى ئەوەى هەوڵی وێنەگرتن و ڕیکۆردی ڤیدیۆیان داوە لە کاتێکدا پێشوەختە پێیان گوتراوە بەپێى ڕێنماییەکان هیچ کەس بۆى نییە وێنە بگرێ و وێنەگرتن ڕێگەپێدراو نییە، بۆیە لەلایەن تیمەکانمانەوە رێگریان لێ کراوە تاوەکو کێشە و گرفتی زیاتر بۆ شێڵتەرەکە دروست نەکەن.

بەرێوەبەراتیی خزمەتگوزاریى ژینگەپارێزىی هەولێر دەشڵێ بۆ بەرچاوڕوونی هاووڵاتییان، شێڵتەری سەگى بێلانەى هەولێر لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمى کوردستان، بە تەواوی مەرجە تەندروستی و ژینگەییەکان دروست کراوە و ئاژەڵەکانیش بە پێی ڕێکارە تەندروستیەکان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، وەکو بەرێوەبەراتی خزمەتگوزاریى ژینگەپارێزیی هەولێریش بە فەرمان و ڕاسپاردەی پارێزگاری هەولێر دەرگای شێڵتەرى سەگى بێلانەى هەولێر بەرامبەر هەر ئاژەڵ دۆستێک کراوەیە کە بیەوێت دەستی هاوکاری و یارمەتی بۆ شێڵتەر درێژ بکات و بە گەرمى پێشوازی لێ دەکەن و سوپاسى دەکەن، بەو مەرجەى ڕێنماییە تایبەتیەکانى شێڵتەر جێبەجێ بکات و پێشێلیان نەکات، بەپێچەوانەوە هەر کەس و لایەنێک ڕێنماییەکان جێبەجێ نەکات ڕێکارى یاسایی بەرامبەری دەگیرێتەبەر، بۆ ئەو ڕووداوەى ئەمڕۆش ڕووی داوە پارێزگای هەولێر لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە دەکات و ڕێکارى یاسایی بەرامبەر ئەو کەس و لایەنە دەگیرێتەبەر کە کەمتەرخەم بووە و کاری نەشیاو و ڕەفتارى نابەجێی ئەنجام داوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *