ئەمڕۆ پێنجشەممە بەڕێوەبەرایەتیی ئاودێریی پارێزگای هەولێر لە ڕوونکردنەوەیەکدا بۆ ڕای گشتی، رای گەیاند لەپێناو پاراستنی هاووڵاتییان لە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بە تایبەتی لافاو لە شاری هەولێر، پارێزگای هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆنفرانسی لافاوی بەست، کە چەندید کەسانی ئەکادیمی لە بواری سەرچاوەکانی ئاو لەسەر ئاستی زانکۆکانی کوردستان و لایەنە پەیوندیدارەکان بەشدار بوون، پاش کۆنفرانسەکە چەندین راسپاردەی کۆنفرانس دەرچوو، یەکێک لە ڕاسپاردەکان لادانی زێدەڕۆیی وەکوو پردی کاتی، نایاسایی، نائەندازەیی لەسەر ڕێرەوە سروشتییەکانی ئاوی باران بوو لە پێناو کەمکردنەوەی مەترسی لافاو.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاودێریی پارێزگای هەولێر لە سۆنگەی بەرپرسیارییەتی و پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتییان بە هاوکاریی و هەمەهانگی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان بە تایبەتی یەکەی کارگێڕیی سنوورەکە بەپێی یاسای ژمارە 4 ساڵی 2021 یاسای پاراستنی تۆڕەکانی ئاو و ئاوەڕۆ لە هەرێمی کوردستان لیژنەی تایبەتمەند هەڵسا بە ئاگادارکردنەوەی ئەو هاووڵاتییانەی زێدەڕۆییان کردووەتە سەر ڕێرەوە سروشتییەکان، بە مەبەستی لادانیان، یەکێک لەو شوێنانە لە گوندی تەندوورە لە ناحیەی شەمامک بوو، کە خەڵكەكە شایستەی خزمەتکردنن لەبەرئەوەی زۆربەی هاووڵاتییانی گوندەکە جوتیار و خاوەن شەهیدێکی زۆرن و رۆڵی کاریگەریان هەبووە لە ڕووبەڕووبوونەوەی دووژمنانی گەلەکەمان بە تایبەتی دڕەندەترین و سەرسەخترین دوژمن کە داعش بوو، بەڵام هاووڵاتییەکی بەڕێز بە ناوی کاک ئازاد لە بەرامبەر گوندەکە لەسەر مەحرەماتی شاکەندێک کە ئاوی 80%ی هەولێر بەوێدا تێپەڕ دەبێت، خانووی دروست کردووە، پردێکی کاتی نایاسایی، نائەندازەیی کە بەشی تێپەڕبوونی بەرزترین ئاوی ڕۆیشتووی کەندەکە ناکات، دروست کردووە کە تەنها 700م لە شەقامی سەرەکیی دوورە و دەبێتە هۆی مەترسیی لافاو لەسەر گوندەکە.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاودێریی پارێزگای هەولێر لە ڕوونکردنەوەیەکدا بۆ ڕای گشتی دەشڵێ پاش ئەوەی لەلایەن لیژنەی تایبەتمەند ئاگادار کراوە کە پردەکەی نایاساییە، ئەو هاووڵاتییە سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاودێری هەولێری کرد لە هۆبەی یاسایی بەڵێنناممەی پڕ کردەوە تا ڕێکەوتی 15-4-2023 خۆی پردەکە تێک بدات هەر وەکو لە وێنەکەدا دیارە، دوای چەندین ئاگادار کردنەوە، ئەو هاووڵاتییە خۆی پردەکەی تێکدا، بەڵام ئەو هاووڵاتییە بەڕێزە کە ناوی کاک ئازادە، ماوەیەکە لەپێناو بەرژەوەندیی کەسی خۆی بێگوێدانە بەرژەوەندیی گشتیی گوندەکە تەلەفۆنی ڕاگەیاندنەکان دەکات و ڕاستییەکان دەشێوێنێت، زۆر بەداخەوە هەندێ دەزگای ڕاگەیاندن وەکو (NRT,Bwar news) بۆ شێواندنی ڕاستییەکان تەنها بۆچوونی یەک لا بڵاو دەکەنەوە، بێئەوەی پەیوەندیی بەلایەنی پەیوەندیدار بکەن ڕاستییەکان وەرگرن بۆ ڕای گشتیی بڵاوی بکەنەوە، بۆیە بەڕێوەبەرایەتیی ئاودێریی مافی خۆیەتی سکاڵای یاسایی تۆمار بکات بەرامبەر ئەو ڕاگەیاندنانە و ئەو هاووڵاتییە بەڕێزە.
لە كۆتاییشدا ئەوەی دووپات كردووەتەوە كە لە سۆنگەی خەمخۆریی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەری کێشەی لافاو، سەرجەم ڕێڕەوە سروشتییەکەی سنووری گوندی تەندوورە دەوروپشتی خاوێن کراوەتەوە و ڕەزامەندیی پرۆژەیەکی ستراتیژیی دراوە کە دروستکردنی پردێکی هەشت چاوە بۆ پاراستنی گوندەکە لە لافاو کە سپاردنی بۆ بەڵێندەر کراوە، بەڵام پاش ئەوەی لیژنەی سەرپەرشتیار و بەڵێندەر سەردانی شوێنی پرۆژەیان کردووە، بەمەبەستی دەستپێکردن، بەڵام چەند هاووڵاتییەک بە بیانووی جۆراوجۆر ڕێگەیان نەداوە بەڵێندەر دەست بەکارەکانی بکات.