ئێوارەی ئەمڕۆ هێزەکانی سوپای عێراق لەگەڵ دانیشتوانی گەڕەکی نەورۆز لە کەرکووک رووبەڕووبوونەوە و گرژی لەنێوانیان دروستبوو.
بەپێی زانیارییەکانی (باسنیوز) کەمێک پێش ئێستا سوپای عێراق، خێزانی عەرەبی هاوردەی هێناوەتە ناو خانووە چۆڵەکانی گەڕەکی نەورۆز و خەڵکی گەڕەکەکەش ڕووبەروویان بوونەتەوە و گرژی دروستبووە.
هەر بەپێی زانیارییەکان سوپای عێراق بە زەبری چەک خەڵکی گەڕەکەکەیان دەرکردووە و تا ئێستاش کێشە و گرفتەکە بەردەوامە و هێزی سوپاش بەردەوام بەرەو گەرەکەکە دەڕۆن.
رۆژی چوارشەممە 3/1/2024، د. شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، لە هەژماری تایبەتیی خۆی، لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) ڕایگەیاند: “دوای ئەوەی دوێنێ چەند هاووڵاتییەکی دانیشتووی گەرەکی نەورۆز پەیوەندییان کرد و باسیان لەوە کرد، هێزێک هاتووەتە سەریان و داوای چۆڵکردنی ماڵەکانیان دەکات، لەگەل سەرۆک وەزیرانی عێراق قسەم کرد و بە سوپاسەوە وەزارەتی بەرگریی عێراقی ئاگادار كردەوە بکشێنەوە و ئەو بابەتە رابگیرێت و هیچ هاووڵاتییەک لە ماڵی خۆی دەرنەکرێت.”
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق باسی لەوەش كردووە: “ئەمڕۆ لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان قسەم کرد و بڕیارەکە جێبەجێ دەکات.”