ئەمشەو هاتوچۆی نێوان هەولێر و پارێزگاكان رادەگیرێ

بەڕێوەبەری بازگەکانی ئاسایشی ھەولێر رایگەیاند لە كاتژمێر ١٢ی ئەمشەوەوە ھاتوچۆکردن لە نێوان ھەولێر و بازگەکانی دیکەی دەرەوەی شار رادەگیرێ، بەمەش هاتوچۆی نێوان هەولێر و پارێزگاكانی دیكەی هەرێمی كوردستان بۆ ماوەی ١٠ رۆژ رادەگیرێ. سەلام ئیبراھیم بەرێوەبەری بازگەکانی ئاسایش لە شاری ھەولێر بە (باسنیوز)ی راگەیاند لە كاتژمێر ١٢ی ئەمشەوەوە ھاتوچۆکردن لە نێوان ھەولێر و پارێزگاکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان بە تەواوی رادەگیرێ. بەرپرسی بازگەکان داواشی لە ھاووڵاتییان كرد ئەگەر کەسێک ھاتووەتە ناو شاری ھەولێر با تا كاتژمێر ١٢ی ئەمشەو بگەڕێتەوە، ھیچ کەسێکیش لە پارێزگایەکی دیکە خۆی ماندوو نەکات و نەیەتە ناو بازگەکان، چونکە داخراون، نە خۆیان نە کارمەندانی بازگەکانیش ماندوو نەکەن. دەشڵێ پێدەچێت ئەم راگرتنی ھاتوچۆیە بۆ نزیکەی١٠ رۆژ بێت.