ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە تەقینەوەیەكی گەورە بەیروتی پایتەختی لوبنانی هەژاند، بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەكان سەدان كەس بە هۆی تەقینەوەكە كوژراو و بریندار بوون. تۆڕی هەواڵی “سكای نیوز” بڵاوی كردەوە كە ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتییانی بەیروت بە هۆی تەقینەوەكەوە بریندار بوون، ئۆتۆمبێلەكانی فریاكەوتن فریای ئەو ژمارە زۆرەی بریندارەكان نەكەوتوون، بۆیە هاووڵاتییانی ناوچەكە دەستیان بە گواستنەوەی بریندارەكان كردووە بۆ نەخۆشخانەكانی شارەكە. بە هۆی تەقینەوە گەورەكەوە، بێسەروبەری و پشێوی باڵی بەسەر بەیروتدا گرتووە، ئەمەش دوو ڕۆژ بەر لە راگەیاندنی بڕیاری دادگا دێت لە كەیسی كوشتنی رەفیق حەریری سەرۆك وەزیرانی پێشووتری لوبنان كە لە ساڵی 2005دا لە ڕێگەی تەقینەوەیەكەوە كرابووە ئامانج.