دوای ئەوەی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، داوای کرد ئەوانەی لە پەتای کۆرۆنا چاک بوونەتەوە پلازما ببەخشن، سێ گەنجی خەڵکی سلێمانی بەدەم بانگەوازەکە هاتن و لە ئەمڕۆ چوارشەممە هەولێر پلازمایان بەخشی. ئارام محەممەد، تەمەنی 32 ساڵە و دوای ئەوەی لە کۆرۆنا چاک بووەتەوە، بڕیاری داوە پلازمای خوێنی ببەخشێتە تووشبووانی دیکەی کۆرۆنا، بۆیە لەگەڵ دوو هاوڕێی ئەمڕۆ هاتوونەتە هەولێر. لە کاتێکدا خوێنبەخشیندا، ئارام یەک لەو سێ گەنجە بۆ کەناڵی (کوردستان24) ڕای گەیاندووە: “پێش هەموو شتێک دەڵێم، پەیامەکەی ئێمە سیاسی نییە، تەنیا کارێکی مرۆییە و بۆ خەڵکی خۆمانی دەکەین”. ئەو سێ گەنجەی سلێمانی کە تەمەنیان لەنێوان 32 بۆ 38 ساڵە، دوو رۆژ پێش ئێستا پشکنینی کۆرۆنایان کردووە و پێیان راگەیەندراوە لە کۆرۆنا چاک بوونەتەوە و دژەتەنیان دروست کردووە، بەهۆی ئەوەی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا (ئەوانەی بە سەختی پەتاکەیان گرتووە)، لە سلێمانی کەم بووەتەوە، هەرسێ گەنجەکە بڕیاریان داوە بێنە هەولێر. ئارام داوا لەو کەسانە دەکات کەلە کۆرۆنا چاک بوونەتەوە و دەڵێت: “جیاوازی مەکەن لە نێوان شارەکان و هەر شوێنێک پێویستی بوو، پلازمای پێ ببەخشن، کە دەهاتین پیاوێک دەپاڕایەوە پلازما ببەخشرێتە دایکی، بیهێننە پێش چاوی خۆت ئەوە دایکی خۆت بوایە”. لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەولێر زۆر زیادی کردووە، بە جۆرێک لەو 357 تووشبووەی دوێنێ لە هەرێمی کوردستان تۆمارکران، 218 کەسیان لە هەولێر بوون. دوێنێ د. شاخەوان خەیلانی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئیماراتیی تایبەت بە کۆرۆنا لە هەولێر، بە گریانەوە قسەی بۆ میدیاکان و گوتی “هەرچەندە رەوشەکە خراپە، بەڵام هێشتا نەگەیشتووینە لووتکەی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا” بۆیە چاوەڕێ دەکرێت ژمارەی تووشبووان لەبەرزبوونەوەدا بێت.