ئاگادارییه‌ك بۆ سه‌رجه‌م دانیشتوانى هه‌ولێر بڵاو كرایه‌وه‌

قایمقامیەتی قەزای ناوەندیی ھەولێر، ئاگادارییه‌كى له‌باره‌ى داخستنى چه‌ند شوێنێك له‌ ڕۆژانى هه‌ینى بۆ سه‌رجه‌م دانیشتوانى هه‌ولێر بڵاو كرده‌وه‌. ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 6/8/2020، قایمقامیەتی قەزای ناوەندیی ھەولێر ئاگادارییه‌كى له‌ په‌یجى فه‌رمیی خۆى، له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تیی (فه‌یسبووك) بڵاو كرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: “بەپێی بڕیاری ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای ھەولێر بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى كۆرۆنا، ‎له‌ ڕۆژانی هه‌ینی بازاڕه‌ میللییه‌كان، گۆڕه‌پانه‌كانی باڵنده‌، گۆڕەپانی ماتۆرسکیل و پایسکلان و پێشانگاكانی ئۆتۆمبێل به‌ته‌واوی داده‌خرێن”. باس له‌وه‌ش كراوه‌، جگه‌ له‌ داخستنى ئه‌و شوێنانه‌، له‌ ڕۆژانى هه‌ینیدا هاتوچۆكردن له‌م شوێنانه‌ى ئاماژه‌یان پێ درا، قه‌ده‌غه‌یه‌.