ماکرۆن لە بەیرووتەوە: دەستپێشخەرییەکی نوێی سیاسی ئەخەمە بەردەست لوبنانییەکان

ئیمانۆئیل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، ئەمڕۆ پێنجشەمە لە کاتی بەسەرکردنەوەی گەڕەکی جمیزە، کە بەهۆی تەقینەوەکەی بەندەری بەیرووت زیانی بەر کەوتووە، گوتی دەستپێشخەرییەکی سیاسیی نوێ ئەخەمە بەر دەست سەرکردەکانی لوبنان و بەڵێنیشی دا یارمەتی و هاوکارییەکانی وڵاتەکەی بۆ گەندەڵکاران ناڕوات.  ماکرۆن گوتیشی: “من لێرەم بۆ ئەوەی دەستپێشخەرییەکی ساسیی نوێ، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە کاتی دیدارم لەگەڵ بەرپرسان و هێزە سیاسییەکانی لوبنان رابگەیەنم”. سەرۆکی فەرەنسا ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: “زۆر پێویستە چاکسازیی بکرێ و سیستەمی حوکمڕانی بگۆڕێ و دابەشکاریی بوەستێندرێ و شەڕی گەندەڵی بکرێت”. ماکرۆن لە بەرامبەر جەماوەرێکی زۆری تووڕەی لوبنانی لە ناوەڕاستی بەیرووتی پایتەختەوە بەڵێنی دا، کە ئەو هاوکاری و کۆمەکانەی وڵاتەکەی پێشکەشی لوبنانی کردووە “ناچێتە گیرفانی گەندەڵکارانەوە”. گوتیشی: “دڵنیاتان دەکەمەوە، کۆمەکەکانمان ناگەن بۆ دەستی گەندەڵکاران”. زیاتر دواو و گوتی: “قسە لەگەڵ هەموو هێزە سیاسییەکان ئەکەم و داوای رێککەوتنێکی نوێیان لێ دەکەم، من ئەمڕۆ لێرەم، بۆ ئەوەی رێککەوتنێکی نوێی سیاسی پێشنیار بکەم”. ئەم گەڕانەی ماکرۆن بەناو گەڕەکی جمیزە لەکاتێکدا هات، کە شوێنی تەقینەوەکەی لە بەندەری بەیرووت بەسەر کردەوە و لەوێ قسەی بۆ کرێکارانی فریاگوزاری کرد، یەکێ لەوان کۆلۆنێل فنسنان تیسییە، ئەفسەر لە تیمی فریاگوزاریی فەرەنسی بوو، کە هاوکاریی تیمە لوبنانییەکانی دەکرد. بەگوێرەی ئاژانسی (فرانس پرێس)، کۆلۆنێل گوتوویەتی: “باوەڕمان وایە، کە هێشتا هیوا هەیە ئەو کەسانە بدۆزینەوە، کە لە رووداوەکەدا نەمردوون”، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، کە تیمەکە کار ئەکا بۆ  گەڕان و دۆزینەوەی حەوت یان هەشت کەس لەوانەی لە بەندەرەکە کاریان دەکرد، کە لەناو هۆڵێکی بەسەریەکدا رووخاودا گیریان خواردووە”. سەرۆکی فەرەنسا دوای ئەوەی ئەمڕۆ پێنجشەمە گەیشتە بەیرووت، بە رۆژنامەنووسانی رای گەیاند: “دەمەوێ کۆمەک و یارمەتییە نێودەوڵەتییەکان رێک بخرێن و ئەگەر چاکسازیی نەکرێت، ئەوا لوبنان نقوم دەبێت”. گوتیشی: “دوای ئەم تەقینەوە، لە پێشەکیدا دەڵێم هاوکاریکردن ئەرکێکی لەپێشینەیە، چونکە لوبنان پەیوەندیی برایانەی تایبەتی لەگەڵ فەرەنسا هەیە، حەزیش ئەکەم لەم سەردانەمدا گوێ لە بەرپرسان بگرم و هەماهەنگیی بکەین بۆ پێشکەشکردنی یارمەتییەکان”. ئەوەشی راگەیاند، کە فەرەنسا تیمی فریاگوزاریی دیکەش بۆ لوبنان دەنێرێ و گوتیشی: “ئێمە بە کردەیی دەستمان کرد بە گەیاندنی کۆمەکەکان، دوو فڕۆکەمان لە یارمەتییە پزیشکییەکان بۆ چارەسەری بریندارەکان هێناوە، پێشبینیش دەکەین، کە یارمەتی و کۆمەکی زیاتر لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا بگەن، دەمەوێ سەرپەرشتیی ئەو هەماهەنگییە بکەم بۆ گەیاندنی کۆمەکەکانی ئەورووپا”. لە هەمانکاتدا ماکرۆن جەختی کردەوە: “دەبێ سنوورێک بۆ گەندەڵی دابنرێ و دەست بکرێ بە چاکسازی، وەک مەرجێک بۆ یارمەتی و کۆمەکەکان”.