بەڕێوەبەرایەتى گشتیى تەندروستیى هەولێر رایدەگەیەنێت کە جگە لە سەنتەرەکانى چارەسەریى کۆڕۆنا، نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان و بەشەکانى راوێژکاریى و تاقیگەکان بەردەوامن لە کارەکانیان و رۆژانە چەندین نەشتەرگەریش ئەنجام دەدرێ. سامان سەلمان، بەڕێوبەرەى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتى گشتیى تەندروستیى هەولێر بە(باسنیوز)ى راگەیاند: “سەرجەم نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان و بەش و تاقیگەکان بەردەوامن لە کارکردن و دەوامى ئاسایى خۆیان دەکەن، جگە لە سەنتەرەکانى چارەسەرکردنى کۆڕۆنا کە رۆژانە چارەسەریى پێشکەش توشبووانى کۆڕۆنا دەکەن و هەزاران پشکنین ئەنجام دەدەن، چونکە ژمارەى توشبووان بەردەوام لە زیادبوونە”. راشیگەیاند: “رۆژانە لە نەخۆشخانەکان سەدان نەشتەرگەریى جۆراوجۆر بۆ هاووڵاتیان ئەنجام دەدرێت، لە سەنتەرە راوێژکارییەکانیش پزیشکى پسپۆڕى جۆراوجۆر پێشوازى لە نەخۆش دەکەن و چارەسەریى پێویستیان پێشکەش دەکەن، بەڵام لە هەموو شوێنێک رێککارەکانى خۆپارێزى رەچاو دەکرێ و بەڕێوەبەرى نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان چاودێرى جێەبەجێکردنیان دەکەن”. ئاماژەى بە ئەوەش کرد” دواى بڵاوبوونەوەى پەتاى کۆڕۆنا تەنیا ئەنجامدانى نەشتەرگەریى سارد و جوانکارییەکان وەستاون لە نەخۆشخانەکان،ئەگینا نەخۆشخانەکانى فریاکەوتن و بەشەکانى راوێژکارى لە کارى خۆیان بەردەوامن، چونکە ناکرێ لەبەر کۆڕۆنا بەشەکانى دیکە فەرامۆش بکرێت، بەڵام بەهۆى ئەو گوشارە زۆرەى لەسەر کەرتى تەندروستییە بە ناچارى پشکى شێر بەر چارەسەریى کۆڕۆنا کەوتووە”.
تەندروستیی هەولێر: نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان لە خزمەتکردنی نەخۆش بەردەوامن
