بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر دەستگیركردنی پیاوێكی بە تۆمەتی كوشتنی هاوسەرەكەی راگەیاند. بەپێی ڕاگەیاندراوێكی پۆلیسی هەولێر، دوای ئاگادارکردنەوەیان بە بوونی تەرمێک لە شارۆچکەی عەنکاوە، بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، تیمێکی لێکۆڵینەوە لە هەریەک لە بەشی نەهێشتنی تاوان و بەشی پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان و بەشی پۆلیسی عەنکاوە/ بنکەی پۆلیسی حەدیاب و بنکەی پۆلیسی عەنکاوە پێكهێندراوە و گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەكە. ئەوەش ئاشكرا كراوە كە ئافرەتێك بە ناوی (زەینەب) كوژراوە و تەرمەكەی لە عەنكاوە فڕێ دراوە، دوای لێكۆڵینەوە، پاش كەمتر لە ٧ كاتژمێر، توانیویانە تۆمەتبارێك بە ناوی (ع.س.ن.) دەستگیر بكەن كە چەندینجار بە چەکی کلاشنکۆف دەستڕێژی گوللـەی لە هێزەکانی پۆلیس کرد، بەڵام توانراوە دەستگیر بکرێت و دان بنێت بە تاوانەکەیدا کە هاوسەری خۆی بە گوللە كوشتووە. پۆلیسی هەولێر رای گەیاندووە كە توانیویانە تۆمەتبارێكی دیكەی ڕووداوەكە بە ناوی (هـ.م.ح.) دەستگیر بكەن و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ ڕێکخراوە و بەپێی ماددە (٤٠٦) لە یاسای سزادانی عێراقی بەند كراون.